کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە وەزارەتی دەرەوەی فینلاند هێرشەکانی ڕێژیمی ئێرانیان بۆ سەر پێشمەرگەکانی حیزب خستە بەر باس

17:08 - 12 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی شنە ڕەزابی بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی فینلاند سەردانی وەزارەتی دەروەی فینلاندیان کرد.

ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند، بە سەرپەرەستی شنە ڕەزابی، بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە و بە هاوڕێیەتییجەهانبەخش خالیدی، سەردانی وەزارەتی دەروەی ئەو وڵاتەیان کرد و لە لایەن خاتوو مییا لاهتی، بەرپرسی کاروباری وڵاتانی کەنداو، پێشوازییان لێ‌کرا.

ئەو بابەتانەی لەم دیدارەدا باسیان لێوە‌ کرا بریتی بوون لە؛ هێرشەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و شەهیدبوونی پۆلێک لەو قارەمانانە لەکاتی بەرگریی کردن‌دا، وێرانکردنی ماڵ و حاڵی خەڵکی سڤیل لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و سووتاندنی زەوی کشتوکاڵیی خەڵک و تۆپباران کردنی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی باشوور هەر لە لایەن ڕێژیمەوە و بریندار بوونی خەڵکی بێ دیفاعی دانیشتووی ئەو ناوچانە.

هەروەها نوێنەری حیزبی دێموکرات لە بەشێكی دیکەی باسەکانی‌دا، باسی لەم قۆناغە نوێیەی خەبات لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد، کە حیزبی دێموکرات پێشڕەویی دەکات و ئاماژەی بەوەدا، کە کۆماری ئیسلامی هەمیشە هەوڵی داوە بە دنیای دەرەوە وەها نیشان بدات، کە ئێرانییەکان و کەمایەتییەکان و بەتایبەتی کورد، هیچ ناڕەزایەتییەکی لە دەوڵەت نیە.

ئەمەش لە کاتێک‌دایە کە بەتایبەتی لە ساڵانی ڕابردوودا سەرکوت کردن بە هەموو چەشنەکانیەوە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات زیاتر بووە و بۆ خەڵکی کوردستانیش ئێستا بە باشی دەرکەوتووە، کە کۆماری ئیسلامی هەمیشە هەوڵی چەوساندنەوەیان دەدات و لەژێر سایەی ئەم ڕێژیمەدا هەردەم بێبەش دەمێنن لە مافەکانیان. بۆیە حیزبی دێموکراتیش لەسەر خواستی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بۆ پشتیوانی کردن لێیان و بڵاوکردنەوەی زیاتری سیاسەتەکانی حیزب، بڕیاری حزووری پێشمەرگەکانی داوە لە ڕۆژهەڵات.

هەروەها بابەتێکی دیکە کە بە ووردی باسی لێوە کرا، بریتی بوو لە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هێرش کردنە سەر ئەو کەمپانەی شوێنی نیشتەجێ بوونی کوردانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتن لە هەرێمی کوردستان و لە لایەن نوێنەرانی حیزبەوە داوا لە وەزارەتی دەرەوەی فینلاند کرا کە مەترسیی ئەو هێرشە بە جیددی وەربگرن و بە سوود وەرگرتن لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، هەوڵی پێشگرتن بە هەرچەشنە کردەوەیەکی وەها دڕندانە بگرن.

خاتوو لاهتی، بەرپرسی کار و باری وڵاتانی کەنداو لە وەزارەتی فینلاند، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لەمەڕ مەترسیی ئەو هێرشانە، ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئێستادا و پاش ڕێککەوتننامەی ناوکی، دەرفەتی باشتر دەڕەخسێت بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و لەو ڕێیەشەوە بۆ باس لەسەر کێشەی کورد لە ئێران. بۆ نموونەش، دوایین سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێرانی هێنایەوە، کە یەکێک لە مژاری باسەکانیان، بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بووە.

لە کۆتایی‌دا خاتوو لاهتی جەختی لەسەر گرنگیی ئەم دیدار و پەیوەندییانە کردەوە و هەردوو لایەن خوازیار بوون کە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ئەم قۆناغە نوێیەی خەبات لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، پەیوەندییەکانیش چڕتڕ بکرێنەوە.

هەیئەتێکی
هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە وەزارەتی دەرەوەی فینلاند هێرشەکانی ڕێژیمی ئێرانیان بۆ سەر پێشمەرگەکانی حیزب خستە بەر باس