کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی "کۆمەڵە"دا بەشداریی کرد

11:31 - 3 رەشەمه 2721

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢ی ڕشەمەی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی "محەممەدنەزیف قادری" جێگری دووەمی لێپرسراوی گشتی و بەرپرسی دەزگای گشتیی پەیوەندییەکان، لە ڕێوڕەسمی ٤٣ـەمین ساڵیادی ئاشکرابوونی خەباتی کۆمەڵە بەشدارییان کرد.

 ئەو ڕێوڕەسمە بە شێوەی هاوبەش لەلایەن "کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان" بەڕێوە چوو.

پەیامی پیرۆزبایی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن هەیئەتی حیزبی دێموکرات پێشکەش بە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی هاوبەشی کۆمەڵە کرا.

دەقی پەیامی پیرۆزباییەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێزان:

دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران!

دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان!

وێڕای سڵاوێکی شۆڕشگێڕانە و دەربڕینی سپاس و پێزانینمان بۆ بانگهێشتمان بۆ بەشداری لە ئاهەنگی هاوبەشتان بەبۆنەی ٢٦ی ڕێبەندان، ٤٣‌ـەمین ساڵڤەگەڕی ئاشکرابوونی کۆمەڵە، لەم ڕێوڕەسمە پیرۆزەدا بە ناوی بەڕێز کاک "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتی و ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پڕ بە دڵ پیرۆزبایی خۆمان پێشکەش بە بەڕێزتان و هاوڕێیانی ڕێبەری و هەموو کادر و پێشمەرگە و ئەندامان و جەماوەری کۆمەڵە دەکەین و هیوادارین پرۆسەی سیاسیی کۆمەڵە بۆ یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی بە سەرکەوتن بگات.

بێگومان پێکهێنانی ئەم ئاهەنگە هاوبەشە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە ژیانی سیاسی و ڕێکخراوەیی کۆمەڵەیە بۆ ئەو مەبەستەی ئاماژەی پێ کرا.

لەم هەلومەرجە هەستیارەدا کە گەلی کورد و بزووتنەوە مافخوازییە ڕەواکەی تێیدا تێپەڕ دەبێت و ئەو قەیرانانەی کە ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێونەتەوەیی و ناوچەیی و نێوخۆیی لەگەڵی ڕووبەڕووە و دەرەتانی خەباتێکی سیاسی و جەماوەری ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بۆ ڕۆڵە خەباتکارەکانی گەلەکەمان دەڕەخسێت و ئەرکی نەتەوەیی و سیاسیمانە بە یەکیەتی و یەکگرتووییمان بتوانین لە پرۆسەی سیاسیی وڵاتەکەمان و جووڵانەوەی میللی- دێموکراتیکی گەلەکەمان شوێندانەر بین.

 بێگومان کۆمەڵە وەک یەکێک لە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوپەیمانێکی لە مێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چ لە ئاستی کوردستان و چ لە ئاستی سەرتاسەریی ئێراندا بە ئەم یەکیەتی و یەکگرتووییەی بە گڕوتینتر لە جاران دەتوانێت ڕۆڵی خەباتگێڕیی خۆی بگێڕێت.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە پیرۆزباییتان لێ دەکەین و سەرکەوتنی زیاترتان بۆ بە ئاوات دەخوازین.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای پێوەندییە گشتییەکان

محەممەدنەزیف قادری