کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات سەردانی گڵکۆی شەهیدانیان کرد

14:09 - 10 خاکەلێوه 2720

بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، هەیئەتێک لە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەردانی گڵکۆی شەهیدانی کوردستانیان کرد.

لە یادی ٧٣هەمین ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی، هەیئەتێک لە ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستیی "حەسەن شەرەفی"، جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، بە نوێنەرایەتیی ئەندامانی ڕێبەری، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب، سەردانی مەزارگەی شەهیدانی کوردستانیان کرد و تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفایان لەسەر گۆڕی شەهید کاک سەید "سەلام عەزیزی" دانا.

سەرەتا خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان ڕاگیرا. پاشان "حەسەن شەرەفی"، جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزب و هەروەها "مەهتاب خزری" کچی شەهید "عەبدوڵڵا خزری" ناسراو بە "عەبدوڵڵای مام حەسەن"، تاجەگوڵینەیان لەسەر گۆڕی شەهید "سەلام عەزیزی" دانا.

دواتر "شەرەفی" لە وتەیەکدا وێڕای بەرزنرخاندنی یاد و بیرەوەریی شەهیدانی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ ئێمە بەمەبەستی پاراستنی سڵامەتیی گیانی هاوڕێیانی پێشمەرگە و سەرجەم تێکۆشەرانی دێموکرات، بەهۆی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بە نوێنەرایەتی لە هەموویان، سەردانی گڵکۆی شەهیدانمان کرد؛ لەبەر ئەوەیکە فەلسەفەی کار و تێکۆشانی هەموو شەهیدانی کوردستان و لە سەرووی هەمووان قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی بریتی بووە لە پاراستنی ژیان و کەرامەتی مرۆڤ''.

دواتر ''شەرەفی'' هیوای خواست کە لەم هەلومەرجەدا هەموو خەڵکی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و یەکگرتووانە لە داهاتوویەکی نزیکدا زاڵ بن بەسەر پەتای کۆرۆنادا و ئەمەش ببێتە هەوێن و دەستپێکێک بۆ خەباتێکی تۆکمەتر دژی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی و وەدیهێنانی ئامانجە بەرزەکانی شەهیدان.