کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێكی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران سەردانی پارلەمانی سۆئێدی كرد

15:20 - 12 رەشەمه 2715

كوردستان میدیا: هەیئەتێكی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی حەمید تەیموری بەرپرسی پێوەندییەكانی حیزب لە وڵاتی سۆئێد سەردانی پارلەمانی سۆئێدی كرد و پێكەوە ئاڵوگۆڕی بیروڕایان كرد.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ڕۆژی سێ شەممە ڕێكەوتی ١١ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی (١ ـ ٣ ـ ٢٠١٦)ی زائینی بە مەبەستی دیدار و چاوپێكەوتن لەگەڵ نوێنەری پێوەندییەكانی حیزبی ژینگەی سۆئێد ڤاڵتێر مووت (Valter Mutt)، هەیئەتێكی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی حەمید تەیموری بەرپرسی پێوەندییەكانی حیزب لە وڵاتی سۆئێد و جەمیلە حەسەن خاڵی نوێنەری حیزب لە كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدراڵ سەردانی پارلەمانی سۆئێدیان كرد.

لەو دیدارەدا هەیئەتی حدكا سەرەتا باسی لە هەڵبژاردنی ئێران كردو باسی لەوە كرد كە هەر لە سەرەتاوە حدكا ئەو هەڵبژاردنەی بایكۆت كردووە، چوونكە هەڵبژاردن جۆرە شانۆیەك بوو كە رێژیم نمایشی كرد و حدكاش چاوەڕوانی هیچ ئاكامێك لەو جۆرە هەڵبژاردنە نادێمۆكراتیكە ناكات و هیچ ئاڵوگۆڕێكیش پێك نایەت و مەبەستی ڕێژیمیش ئەوەیە كە بە هەڵبژاردن گیانێكی نوێ بگرێتە خۆی.

دواتر باس هاتە سەر ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ئێران بە گشتی و كوردستان بەتایبەتی كە هەیئەتی حدكا باسی لە ئاژاوەگێڕییەكانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەكەدا كردو وتی: رێژیمی ئێران بە حەزی خۆی لە عێراقدا حوكمڕانی دەكات و بە ڕواڵەت دەوڵەتێك وەك عێراق هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا دەسەڵاتێكی ئەوتۆیان نییە و تەنیا ئێرانە كە خەت و نیشانیان بۆ دیاری دەكات. ئەوەیە كە ئێران بە كەیفی خۆی حەشدی شەعبی پێك دێنێ و هەر لە ڕێگای عێراقەوە چەك و هێزی سەربازی دەنێرێ بۆ سووریە و بە ئاشكرا پشتیوانی لە رێژیمی سووریە دەكات. لە لایەكی ترەوە پشتیوانێكی بەهێزی داعشە لە ناوچەكەداو لە سووریە و عێراق و كوردستان و تەنانەت لە وڵاتانی دەوروبەریش شەڕی خۆی پێ دەكا.

لە بەشێكی دیكەی باسەكەیاندا هەیئەتی حدكا باسێكی گشتیی لە سەر كوردستانی ئێران و حیزبی دێموكراتی بۆ ڤاڵتر مووت كردو وتی: لە هەموو بوارێكدا وەزعی خەڵكی كورد لە كوردستانی ئێران زۆر خەراپە، لە مەسەلەی بێكاری، هەژاری، گرتن و ئێعدام، كێشەی ژنان و تەنانەت كاسبكاران، هەموو وەزاڵە هاتوون و گوشاری رێژیمیش بۆ سەر خەڵك ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاد دەكا.

دواترڤاڵتر مووت باسێكی گشتیی لە سەر ناوچەكە كردو وتی: ئێمە وەك حیزبی ژینگە هەمیشە لە كۆبوونەوەكانی خۆماندا باسی كێشەی كورد دەكەین و ئەو گرفتانەش دەزانین كە بۆ كوردستان لە لایەن داگیركەرانەوە پێكی دەهێنن. دیارە سپاستان دەكەین بۆ زانیاریەكان كە كۆمەڵیك زانیاریی نوێمان وەرگرت كە پێشتر ئاگامان لێ نەبوو. ئەمانەش دەتوانین وەك فاكت كەڵكی لێ وەرگرین بۆ دانیشتنەكانمان لەگەڵ حیزبەكانی تر و تەنانەت لە پارلەمانی سۆئێدیش.

لە كۆتاییشدا ڤاڵتر مووت دووپاتی كردەوە كە ئێمە نەتەنیا ئێستا، بەڵكوو هەردەم پشتیوانی مافەكانی ڕەوای گەلی كوردین و هەیئەتی حدكاش هیوای خواست كە هاوكاری و پشتیوانییەكانیان لە گەلی كورد تەنیا لە چوارچێوەی دانیشتنەكاندا نەمێنێ و لە كردەوەشدا ئەوان پشتیوانی گەلی كورد بن.