کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێكی كۆمیتەی حیزبی دێمۆكرات لە سوید، لەگەڵ شاندی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی سووریە كۆبۆوە

20:00 - 7 سەرماوەز 2712

كوردستان میدیا: هەیئەتێك بە نوێنەرایەتی كۆمیتەی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە سوید لەگەڵ هەیئەتێكی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی سووریە لەو وڵاتە دیداریان کرد.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، سەرەتا فەرامەرز حوسێن یەكێك لە ئەندامانی هەیئەتی نوێنەرایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی باسێكی لەسەر دۆخی كوردستانی سووریە و هەلومەرجی ناوچەكە و ژیانی دژوار و پڕ لە ئێش و ئازاری خەڵكی بەگشتی و ئاوارەكانی ناوچە شەڕلێدراوەكان پێشكەش كرد.

لە بڕگەیەكی دیكەی باسەكاندا فەرامەرز عەبدوڵڵا یەكێكی دیكە لە ئەندامانی ئەو شاندە وێڕای دەستنیشان كردنی خاڵە لاواز و بەهێزەكانی بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی كورد لە سووریە هیوای خواست بە هاوكاری و پشتیوانی دڵسۆزان و هێزە سیاسییەكانی نیشتمانپەروەری كوردستان بتوانن بەسەر كۆسپەكاندا زاڵ بن.

پاشان مەولوود عەبدیلزادە بەرپرسی پێوەندییەكانی حیزبی دێمۆكرات لە سوید و ئەندامی هەیئەتی كۆمیتەی حیزبی دێمۆكرات لەو وڵاتە باسێكی لەسەر بارودۆخی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و وڵاتی سووریە بە تایبەتی هێنایە بەر باس.

عەبدیلزادە لە درێژەی باسەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد، رێژیمی ئێران لە هەوڵی پەرە پێدان بە نائارامییەكانی سووریەیە و وتیشی: تەنیا رەمزی سەركەوتنی گەلی كورد لەو‌ هەلومەرجە ناسك و دژوارەدا، یەكریزی و هاوخەباتی و تەبایی هێزە ساسییەكانی كوردستانە.
ئەو بەرپرسەی پێوەندییەكانی حیزبی دێمۆكرات لە وڵاتی سوید، لەو دانیشتنەدا پشتیوانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانی بۆ سەركەوتنی خەباتی نەتەوایەتیی گەلی كورد دووپات كردەوە.