کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وادە و بەڵێنەکانی ڕێژیم دیسان بە درۆ دەرچوون

17:45 - 27 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: پاش تێپەڕبوونی سێ مانگ بە سەر لافاوە سەرتاسەرییەکەی ئێراندا، تاکوو ئێستا هیچ کام لە وادە و بەڵێنەکانی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ قەرەبووکردنەوەی خەسارەکان جێبەجێ نەکراون.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان سەبارەت بە دۆخی خەڵکی لافاولێدراوی ئێران، هەتاکوو ئێستا و پاش تێپەڕبوونی سێ مانگ بە سەر ئەم لافاوانەدا، هەزاران کەس لە لێقەوماوان ئێستاش لەنێو چادردا بە سەر دەبەن.

لافاولێداراون لەمبارەوە وتوویانە: "وادە و بەڵێنەکانی بەرپرسان بۆ دابینکردنی یارمەتییە دەوڵەتییەکان تاکوو ئێستا بەکردەوەیی نەکراوەتەوە؛ تەنیا لە پارێزگای خووزستاندا نزیک بە ٤ هەزار کەس لە لافاولێدراوان ئێستاکەش لەنێو کەمپدا دەژین".

ئەوان هەروەها باسیان لەوە کردووە کە ئەو وامانەی کە لە لایەن دەوڵەتەوە بەلێنییان درابوو، هێشتا پێیان نەدراوە یان ڕەوتی پێدانەکەی زۆر خاو و دژوارە، بە شێوەیەک کە تەنگی بە خەڵکەکە هەڵچنیوە؛ ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە سەرنجدان بە نرخی هەڵاوسان و چوونە سەرەوەی نرخەکان، بەو ڕێژە لە پارەی وامەکان ناکرێت هیچ شوێنێک بۆ مانەوە دابین بکرێت.

هەواڵە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێبەری ڕێژیم لەم دواییانەدا، داخوازیی هەڵگرتنی ٥ هەزار میلیارد تمەن پارە لە سندوقی گەشەی میللیی بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوان قەبووڵ کردووە، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ گەرەنتییەک بۆ ئەوە نییە کە ئەو پارەیە بە خەڵک بدرێت یان بۆ نۆژەنکردنەوەی ناوچە لافاولێدراوەکان کەڵکی لێ وەربگیردرێت.

پاش تێپەڕبوونی ٢٠ مانگ بە سەر بوومەلەرزەکەی کرماشان و سەرپێڵدا، ئێستاکەش زۆربەی خەڵک لە کەمترین پێداویستییەکانی ژیانیش بێبەرین و لە لایەن ڕێژیمەوە هیچ گرینگییەکیان پێ نادرێت، هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کە دۆخی لافاولێدراوانیش تا چەندین ساڵی داهاتوو هەر لەم قۆناغە نالەبار و دژوارەدا بمێنێتەوە.