کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وادەکانی ڕێژیم بە بوومەلەرزەلێدراون جێبەجێ ناکرێت

12:43 - 17 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشان نوقمی کەمتەرخەمی و نابەرپرسیارەتی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانن و هیچ خزمەتگوزارییەکیان بۆ ئەنجام نادرێت.

لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرماوسۆڵە کێشەی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی پارێزگای کرماشانیش چەند قات زیادی کردووە؛ هیچ لایەنێکی ڕێژیم نە تەنیا وڵامدەر نییە سەرەڕای ئەوەش وادە و بەڵێنیی کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە کۆتایی نایەت.

"فەرهاد تەجری" بەناو نوێنەری خەڵکی شارەکانی ، قەسرشیرین، سەرپێڵ زەها و گێڵانغەرب لە مەجلیسی ڕێژیمدا دانی بەوە داناوە لە لایەک بەرزبوونەوەی کەرەستەی ساختومانی و لە لایەکی دیکەشەوە کەمتەرخەمیی بەرپرسان وای کردووە کە ڕەوتی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان بە گشتی ڕابگیردرێت.

ناوبراو لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە جیا لەو کێشەیە و کۆمەڵێک کێشەی دیکە، بورۆکراسی وای کردووە کە خەڵک نەتوانن هیچ کارێک بکەن.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی لە قسەکانی جەختی کردووەتەوە، ئەگەرچی بڕیار بوو هەتا کۆتایی هاوینی ئەمساڵ دروستکردنی خانووبەرە لە گوندەکانی ئەو پارێزگایە کۆتایی پێبێت و سەرکۆماریش پێداگری لەسەر ئەو بابەتە کردبوو؛ بەڵام هەتا ئێستاش هیچ کارێک لەو بارەیەوە جێبەجێ نەکراوە.

ڕێژیمی ئێران بە گوێرەی پێویست یارمەتی بە بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشان نادات و ئەو بڕە یارمەتییەش کە بە خەڵکی ئەو پارێزگایە دەدات هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات.

مانگی خەرمانی ئەمساڵ  "موجتەبا جاسمی" سەرۆکی شۆرای شاری سەرپێل و زەهاو گوتی: "خەڵکێک کە ئامادە بێت گورچیلەکانی خۆی بفرۆشێت هەتا خانووبەرە دروست بکەن، ئازارێکی گەورەیە. بومەلەرزە یەک لە دوای یەکەکان ڕۆح و دەروونی خەڵکی تێک داوە. بڕیار بوو یارمەتی خەڵک بدرێت بەڵام هیچ یارمەتییەک بە خەڵک نەدرا"

لەدوای ڕوودانی بوومەلەرزەی ٧ ڕیشتەری لە ئەزگەلەی کرماشان لە ڕێکەوتی ٢١ی خەزڵوەری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، کە زیاتر لە ١٠هەزار کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، هەتا ئێستا کێشەی ئەو خەڵکە چارەسەر نەکراوە.

دوای نزیک بە یەک ساڵ لە ڕوودانی بوومەلەرەزەی کرماشان، شارە بوومەلەرزە لێدراوەکان ئاوەدان نەکراونەتەوە و خەڵک هێشتا لە نێو چادر وکانێکسدا دەژین.