کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وازهێنانی قوتابیان لە خوێندن بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری

11:26 - 31 گەلاوێژ 2721

بەهۆی پەتای کۆرۆنا و دورکەوتنەوەی قوتابییان لە قوتابخانەکان، زۆربەی قوتابییان لە کوردستان و ئێراندا وازیان لە خوێندن هێناوە.

نەبوونی ئینتێرنێتی خێرا و گرانیی لە ڕادەبەدەری کامپیۆتێر و موبایل هۆکاری ئەسڵیی وازهێنانی قوتابییان لە خوێندن لە ئێران و کوردستانە.

دابەزینی بەردەوامیی "بەهای تمەن، گرانیی کاڵاکان، بێکاری" تێچووی ژیانی لە ڕادە بردووەتە سەرێ و بە جۆرێک کە بنەماڵەکان بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکانیان ناچارن واز لە خوێندن بە منداڵەکانیان بهێنن.

لە زۆربەی دێهاتەکانی کوردستاندا ئینتێرنێت بوونی نییە و بەم هۆیەوە بەشێکی زۆر لە قوتابییان ناچارن لە پۆلی سەرەتایی واز لە خوێندن بهێنن.

ڕێژەی وازهێنانی کچان لە خوێندن لە شار و گوندەکان لە کوڕان زیاترە.

لە ناوچەکانی "تیلەکۆ، گەورک، سەرشیوو، خوڕخوڕە و فەیزوڵابەگیـ"ـی شاری "سەقز" زۆربەی منداڵان لە خوێندن دورکەوتوونەتەوە و بەشێکی بەرچاوی کچانی ئاوایی "هێجانانـ"ـی سەقز لە ماوەی ساڵی ڕابردودا وازیان لە خوێندن هێناوە .