کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وازهێنانی قوتابییان لە خوێندن لە پارێزگای ورمێ پەرەی سەندووە

12:32 - 27 گەلاوێژ 2721

"مەهین مەنافی" بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ وتوویەتی زیاتر لە ١٢ هەزار قوتابی لەو پارێزگایە وازیان لە خوێندن هێناوە.

"مەنافی" ڕایگەیاندووە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ١ هەزار و ١٧٩ قوتابی لە پۆلی سەرەتایی، ١٠ هەزار و ٧١٩ کەس لە پۆلی دووی ناوەندی وازیان لە خوێندن هێناوە.

ناوبراو هۆکاری وازهێنانی ئەو قوتابییانەی جیا لە پەتای "کۆرۆنا"، گەڕاندووەتەوە بۆ "کێشەی کولتووری، ئابووری، هەژاری، باوەڕی هەڵەی دایک و بابەکان بۆ پێکهێنانی زووی ژیانی هاوبەش".

سەرەڕای هەمووی ئەو هۆکارانەی کە "مەنافی" باسی لێ کردوونە لە دەورانی گشتگیریی پەتای کۆرۆنادا نەبوونی ئینتێرنێت و کەرەستەی پێویستی فێرکاری یەکێک لە هۆکارەکانی ئەسڵیی وازهێنانی قوتابییان لە خوێندن بووە.

"ڕێزوان حەکیم زادە" جێگری فێرکاری پۆلی سەرەتایی وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە ڕێکەوتی ٢٧ی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاویدا ڕایگەیاندبوو کە بەپێی ئاماریی ناوەندی ئامار، ٢١٠ هەزار قوتابی بەجێماو لە خوێندن لە ئێراندا بوونی هەیە کە بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو ١٤٢ هەزار کەس زیادی کردووە.