کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"واشنتۆن" بەهۆی ئاڵوگۆڕی نیزامی هەڕەشەی گەمارۆی زیاتری بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە کردووە

12:04 - 28 پووشپەڕ 2722

"نێد پرایس" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕۆژی دووشەممە وتوویەتی: "لە ئەگەری ئاڵوگۆڕی نیزامیی نێوان ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە، گەمارۆی زیاتریان دەخەیەنە سەر".

"پرایس" لە پەیوەندی لەگەڵ سەفەری سەرکۆماری "ڕووسیە" بۆ ئێران وتوویەتی: "ئێمە باسمان لە نیگەرانییەکانی خۆمان سەبارەت بە پیدانی دڕۆنی ئێرانی بە رووسیە کردووە و بە وردی لە نزیکەوە چاوەدێریی ئەو سەفەرەی دەکەین و هەموو گەمارۆکانیش لەسەر جێی خۆیانن".

هەروەها پێشتر "جان کێربی" ڕاوێژکاری شورای ئەمنییەتی کۆشکی سپی بە کاناڵی "سی ئێن ئێنـ"ـی ڕاگەیاندبوو: "ڕادەستکردنی دڕۆنەکانی ڕێژیمی ئێران بە ڕووسیە هیچ دەسکەوتێکی بۆ بەرجام نابێت، بەڵکوو دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئێمە پشتیوانیی زیاتر لە ئۆکراین بکەین".

هاوکات "لوان جاگاریان" باڵوێزی ڕووسیە لە "تاران" وتوویەتی: "زۆر شت هەیە کە نامهەوێت بیاندرکێنم، بەڵام ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە ئێران چەند سەد ملیۆن یۆرۆ بە ڕووسیە قەرزدارە".