کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واشنتۆن هەڕەشەی لە هەناردەکارانی چەکوچۆڵ بۆ ئێران کردووە

13:37 - 27 خەرمانان 2720

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاندووە پاش پەسندبوونی دووپاتکردنەوەی گەمارۆ جیهانییەکانی چەکوچۆڵ لەسەر ئێران، گەمارۆگەلێکی ئامریکایی تەواو لەسەر ئەو وڵاتانە دادەنێت کە چەکوچۆڵ بۆ ئێران دەنێرن.

"ئێلیۆت ئابرامز" نوێنەری تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە کاروباری ئێراندا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەرمانان هەڕەشەی تەحریمکردنی ئەو وڵاتانەی کردووە کە پاش دووپاتبوونەوەی گەمارۆکانی سەر چەکوچۆڵی ئێران گرێبەستی چەکوچۆڵی لەگەڵ ئێران دەبەستن.

لە هەمان ڕۆژدا و پێش پرێس کۆنفرانسەکەی "ئێلیۆت ئابرامز"، "مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتای بریتانیایی خۆی "دۆمێنیک ڕاب"، ڕایگەیاندبوو شەممەی حەوتووی داهاتوو بۆ گەڕاندنەوەی گەمارۆکانی سەر چەکوچۆڵی ئێران دەڕۆینە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

هەروەها "دۆمینێک ڕاب"، وەزیری دەرەوەی بریتانیا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە نابێت ئیزن بە ئێران بدرێت چەکی ناوکی بەدەست بێنێت.

"ڕاب" هەروەها ڕایگەیاندووە وڵاتەکەی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا هاوهەڵویستە سەبارەت بە ئێران.