کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واشنتۆن پۆست: جۆ بایدن لە پێوەندی لەگەڵ میلیشیاکانی سەر بە ئێران سەبر و تاقەتی کەمی هەیە

12:29 - 11 پووشپەڕ 2721

بەرپرسانی ئامریکایی وتوویانە کە هێرشی هەوایی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووی ئامریکا بۆ سەر بنکەکانی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق و سووریەدا، نیشانەی ئەوەیە کە ئاستی سەبر و تاقەتی ''جۆ بایدن'' لە بەرامبەر هێرشی ئەو گرووپانە کەم بووەتەوە.

ئەو بەرپرسانە کە ناویان ئاشکرا نەبووە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی پووشپەڕ، بە ڕۆژنامەی ''واشنتۆن پۆستـ''ـیان وتووە، بڕیاری ''جۆ بایدن'' بۆ هێرش بۆ سەر بنکەکانی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق و سووریە پیشانی دا کە ئامریکا بە چاوپۆشین لە کوژران یان برینداربوونی هێزەکانی ئامریکایی بڕیاری داوە هێرش بۆ سەر دامەزراوە و فەرمانبەرانی خۆی وڵام بداتەوە.

ئەو ڕۆژنامەیە نووسیوویەتی: "هێڵی سووری ''دانڵد ترامپ'' سەرکۆماری پێشووی ئامریکا لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هێرشی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، کوژران و برینداربوونی هێزەکان و فەرمانبەرانی ئامریکا بووە، بەڵام ڕوانگەی ''بایدن'' جیاوازە و سەبر و تاقەتێکی کەمی بەنیسبەت دەوڵەتی پێشووی ئەو وڵاتە بۆ وڵامدانەوە بەو هێرشانەی هەیە".

بەرپرسێکی باڵای ئامریکا بە ڕۆژنامەی ''واشنتۆن پۆستـ''ـی وتووە، ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە پیشان بدەین کە هێرش بۆ سەر ئامریکاییەکان، کاردانەوەی هەیە، تەنانەت ئەگەر ئەو هێرشانە زیانیشان نەبێت.

بەو پێیە، پەیامێک کە دەوڵەتی ئامریکا لە ڕێگای کاناڵە دیپڵۆماتیکەکان بە ڕێژیمی ئێرانی گەیاندووە ئەوەیە: '' ئەگەر هێرش بۆ سەر ئێمە بکەن، وڵام دەدەینەوە''.

بە وتەی ئەو ڕۆژنامەیە، میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە مانگی ئاوریلەوە لانیکەم ٥ جار لە ڕێگای فڕۆکەی بێ فرۆکەوانەکانەوە لە عێراق هێرشیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئامریکا کردووە.

ئەو ڕۆژنامەیە وتوویەتی، لە حاڵێکدا کە هێرشەکانی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بۆ سەر بنکەکانی گرووپەکانی ''کتائیبی حیزبوڵڵا'' و کتائیبی سەیدوشوهەدا'' ناڕزایەتیی عێراقی لێ کەوتەوە، لەلایەن نوێنەرانی دێموکراتی کۆنگرەی ئامریکاش دژایەتی بەدواوە بوو.

وەزارەتی بەرگریی ئامریکا ڕۆژی دووشممەی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەرتشی ئامریکا لە چەندین هێرشی هەواییدا، پایگا و کۆگای چەکوچۆڵی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە خاکی عێراق و سووریەدا کردووەتە ئامانج.

بەپێی ئەو ڕياگەیەندراوەی پێنتاگۆن، ئەو هێرشانە هەوڵێکی بەرگریکارانە لە کاردانەوە بە هێرشی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر دامەزاروەکان و فەرمانبەرانی ئامریکا لە عێراق بووە.