کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واشنتۆن: ڕێژیمی ئێران شارۆمەندانی خاوەن دووڕەگەزنامەیی بە تۆمەتی سیخوڕی بە بارمتە دەگرێت

12:29 - 4 بانەمەڕ 2722

''ئانتۆنی بلینکن'' وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە تویتێکدا نووسیویەتی کە ڕێژیمی ئێران لە بنەماڵە خاوەن دووڕەگەزنامەکان وەکوو ''کارتێکی سیاسی'' کەڵک وەردەگرێت و چوار ساڵە کە بنەماڵەی ''عیماد شەرقی'' زیندانیی دوو ڕەگەزنامەیی چاوەڕوانی ئەوەن کە ڕێژیم ''عیماد'' ئازاد بکات.

"بلینکن" داوای لە ئێران کردووە کە دەست لەو کارە نامرۆفانە هەڵبگرێت و ئەو زیندانییە ئازاد بکات.

هەروەها ''مارکو ڕوبیو'' سێناتۆری کۆماریخوازی ئامریکا لە پەیامێکی توێتێریدا، بەندکرانی ئەو زیندانییە دووڕەگەزنامەییەی لە زیندانی ''ئێڤین'' ناعادڵانە ناو لێ برد و داوای ئازادیی خێرای ''عیماد'' کردووە.

''عیماد شەرقی'' یەکێک لە چوار شارۆمەندی ئێرانی- ئامریکاییە کە لە ئێران دەسبەسەر کراوە.

دۆسیەی ناوبراو وێڕای سێ زیندانیی خاوەن دووڕەگەزنامەیی بە ناوەکانی ''باقر نمازی، سیامەک نمازی و موراد تەهاباز'' ماوەیەکە لەلایەن ڕێژیمی ئێران لە ڕەوتی وتووێژەکانی ڤییەن وەکوو کارتێک کەڵکی لی وەردەگیرێت.