کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"وال ستریت ژورناڵ" باسی لە تێرۆری میکۆنووس کردووە

13:32 - 10 خەرمانان 2720

ڕۆژنامەی "وال ستریت ژورناڵ" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە چۆن دەکرێت پێش بە تێرۆری دژبەرانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ئورووپایی بگیردرێت.

لە ڕاپۆرتێک کە ڕۆژنامەی "وال ستریت ژۆرناڵ" بڵاوی کردووەتەوە، باسی لە تێرۆری دژبەرانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ئورووپایی کردووە.

ئەو ڕۆژنامەیە بڵاوی کردووەتەوە، لە سەرەتای هاتنە سەر کاری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، ئەو ڕێژیمە بە شێوەی ئاشکرا دەستی بە تێرۆری دژبەرانی خۆی کردووە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، ئەو ڕێژیمە لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا هەزاران کەس لە دژبەرانی خۆی ئێعدام کرد.

"وال ستریت ژورناڵ" نووسیویەتی: "عەلی خامنەیی کاتێک بە دەسەڵات گەیشت ناوەندێکی لەژێر ناوی کۆمیتەی کاروباری تایبەت بۆ تێرۆرەکان دامەزراند".

ئەو ناوەندە چەندین تێرۆری لە وڵاتانی ئورووپایی ئەنجام دا کە یەکێک لەو تێرۆرانە تێرۆری دوکتور "شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی لە ڕێستۆرانی میکۆنووسی ئاڵمان بوو.

ئەو ڕۆژنامەیە بڵاوی کردووەتەوە، دوای تێرۆر لە میکۆنووس وڵاتانی ئورووپایی باڵوێزەکانی خۆیان لە تاران کشاندەوە و پێوەندییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پچڕاند.

لە کۆتایی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، هەتا کاتێک کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران بە شێوەی ئازادانە لە پێتەختی وڵاتانی ئورووپایی بگەڕێن، هیچ تێچوویەک بۆ کوشتنی دژبەرانیان نادەن.