کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

والیی هەرات هەڕەشەی لە ڕێژیمی ئێران کرد

18:51 - 15 بانەمەڕ 2720

ئەفغانستان ڕوو لە ئێران بە هەڕەشەوە ڕایگەیاند، ڕۆژێک پاکانە حیساب دەکەین.

ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بانەمەڕ، ''عەباس مووسەوی'' وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، بەنیسبەت ئەشکەنجە و خنکاندنی هاووڵاتییانی ئەفغانی لەلایەن هێزەکانی سەر سنووری ڕێژیمی ئێرانەوە دەڵێت: "گیان لەدەستدانی شارۆمەندانی ئەفغانی لەلایەن ئێمەوە نەبووە و ڕەتی دەکەینەوە".

''عەباس مووسەوی'' هێنانە بەر باسی ئەو مەسەلەیە به هەوڵێک بۆ پچڕاندنی پەیوەندی ئەو دوو وڵاتە لە ناوچەکەدا دەزانێت.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم وتوویتی؛ پێشنیار دەکەم بە میدیاکان و کاربەدەستانی هەر دوو وڵات کە ئاگاداری پیلانەکان بن کە دەیانهەوێت پەیوەندییەکانمان تێک بدەن.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕۆژی شەممە ١٣ی بانەمەڕ، ٥٠ هاووڵاتیی ئەفغانی لە ناوچەی ''زولفەقار'' لەلایەن هێزەکانی سەر سنووری ئێرانەوە لە دوایی لێدان و ئەشکەنجەیەکی زۆر فڕێدراونەتە نێو ڕووباری ''هەریروود''ەوە و ژمارەیەکیان خنکاون.

هەتا ئێستا لەلایەن  ڕێژیمی ئێرانەوە نکۆڵی لە ڕوودانی ئەو ڕووداوە دەکرێت و هەر جۆرە دەست‌تێدابوونێکی هێزە  سنوورپارێزەکانی ڕێژیم لەو کردەوەدا ڕەت دەکرێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان وێڕای دەسپێکردنی لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە، داوای لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانیش کردووە کە بەنیسبەت خنکانی ئەو هاووڵاتییانە لێکۆڵینەوە بکەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا ''وەحید قەتالی'' والیی هەرات لە پەیامێکی تویتێریدا هەڕەشەی کردووە کە ''ڕۆژێک دێت پاکانە حیساب بکەین''.