کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وامی یەک ملیۆن تمەنی هیچ دەردێک لە خەڵک دەرمان ناکات

11:56 - 19 خاکەلێوه 2720

"عەزیز ئەکبەریان"، سەرۆکی کومیسیۆنی پیشەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، وامی یەک ملیۆن تمەنی ئەگەر بیدەی بە منداڵی سەرۆکی بانکی ناوەندیش وەری ناگرێت، ئێستا چۆن بە خەڵکی دەیدەن.

بەپێی قسەکانی ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران، ماوەی ٤٠ ڕۆژە پیشەی نیوەگیانی وڵات داخراوە کە دەسەڵات دەبێ بۆ وەگەڕخستنەوەی کارگە و کارخانەکان ڕێگاچارەیەکی گونجاو بگرێتە بەر.

ناوبراو وتوویەتی، دەبا دوو مانگ پێش وڵات خرابایەتە دابڕگەوە نەک ئێستا کە کار لە کار ترازاوە.

لە ماوەی ٢ مانگی ڕابردوو، ٣٠٠ ملیۆن چەکی بەرگەشتی لە ئێراندا تۆمار کراوە کە ئابووریناسان وتوویانە، ئەو زیانە بەپێی دۆخی ئابووریی ئێران قەرەبوو ناکرێتەوە.

وامی یەک ملیۆن تمەنیی ڕێژیم کە باسی لێوە دەکات، تەنیا بۆ خەرجی چەند ڕۆژی بنەماڵەیەک دەبێت، بەڵام ڕێژیم دەیهەوێت بە خەڵکی بدات.

"حەسەن ڕووحانی" بەبێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستا بڕیاری داوە کە دابڕگە هەڵبگیرێت، ئەو بڕیارەی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران ڕەخنەی توندی کاربەدەستانی دیکەی ڕێژیمی لێکەوتووەتەوە.

هاوکات "عەزیز ناسری"، سەرۆکی کومیسۆنی کۆمەڵایەتیی ڕێژیم وتوویەتی، بۆ ئەوەیکە بتوانین کۆرۆنا لەنێو ببەین دەبێ یارمەتی بە خەڵک بدەین.

ناوبراو وتوویەتی، دەسەڵات بە خەڵک دەڵێت دەبێ لە ماڵدا بمێننەوە، بەڵام هیچ یارمەتییەکیش بە خەڵک نادات.