
"محەممەدمەهدی کازمی" جێگری پەروەردەی ناوەندیی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم، ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕ بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی قەدەغەکردنی وانەوتنەوەی مامۆستایانی پیاو لە قوتابخانەی کچانە وتوویەتی کە ئەو بەخشنامە لە ساڵی ڕابردوو پەسند کرا و بانەمەڕی ئەمساڵ بە تەواوی قوتابخانەکان ڕاگەیەندراوە.
بەپێی قسەکانی "کازمی" چوونکە قوتابخانەکان لەسەر جیاکاریی ڕەگەزی دادەمەزرێن لە ئاکامدا وێکچوونی ڕەگەزیی بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان لەگەڵ قوتابییەکان پێویستە.
ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، چاوەدێری و پەرپرسیارەتی ئەو بابەتەی خستووەتە ئەستۆی بەڕێوەبەری یەکەی پەروەردەیی و بەڕێوەبەری پەروەردە و بارهێنانی ناوچە و گشت ئیدارەکان.
یاسای ئەو پێشینەیە بۆ ساڵی ١٣٧٧ دەگەڕێتەوە، لەو ساڵەدا کۆمەڵێک یاسای پەسندکراو لەلایەن شورای باڵای پەروەردە و بارهێنان بڵاو کرایەوە کە لەودا بەپێی مەرجی جۆراوجۆر گرفتێک بۆ وانەوتنەوەی مامۆستایانی پیاو نایەتە پێش.