کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتوویژی زەریف لەگەڵ "تلووع نیووز" کاردانەوەی ئەفغانستان و تاڵەبانی لێکەوتەوە

17:53 - 3 بەفرانبار 2720

قسەکانی وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری "تلووع نیووز"ی ئەفغانستان، کاردانەوەی وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان و تاڵەبانی لێکەوتەوە.

ڕێکەوتی ١ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی، "محەممەدجەواد زەریف" وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵنێری "تلووع نیووز" لە چەند بابەتی گرینگدا ڕای دەربڕیوە کە بوو بەهۆی کاردانەوەی وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان و تاڵبان.

هەواڵدەریی "سپووتنیک" بڵاوی کردووەتەوە، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان ڕایگەیاندووە کە یاسای بنەڕەتی، بەرژەوەندیی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ئیزن نادات هەتا هاووڵاتییانی ئەفغانستان لە شەڕی وڵاتانی ناوچەکە بچنە نێو شەڕ و پێکدادانەوە.

"گران هیواد" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان لە کاردانەوە بەرانبەر بە قسەکانی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "سیاسەتی دەرەوەی ئەفغانستان ئیزن نادات هەتا هاووڵاتییانی ئەفغانستان جگە لەژێر ئاڵای ئەو وڵاتە، لە وڵاتانی دیکەدا بچنە نێو شەڕ و تێکهەڵچوونەکان".

"زەریف" لەو وتووێژە لەگەڵ "تلووع نیووز" باسی لە بەشداریی ئەفغانییەکان لە شەڕی سووریەدا کردبوو. ناوبراو لەو بەشەی قسەکانیدا وتبووی: "ئێمە کەس بۆ سووریە نانێرین، ئەمەمان بە تەواوی ڕوون کردووەتەوە، چاو لێکەن، کەس بۆ وڵاتێکی دیکە ناچێت لە وڵاتێکی سێیەمدا شەڕ بکات. براکانی ئێمە بە ویستی خۆیان چوونەتە ئەوێ، لە عێراق و شوێنەکانی دیکەشەوە چوونە، هەندێکیان لە بنکەکانی خۆیاندا، لە سەنگەرەکانیاندا، ئاڵای ئەفغانستان و وێنەی سەرکۆماری ئەفغانستانیان پێ بووە".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "ئەمانە (فاتمییوون) دەتوانن لە ئەگەری ویستی ئەفغانستان لەپێناو شەڕ لەگەڵ داعشدا و بۆ شەڕ لەگەل تێرۆریزم و پاراستنی ئەمنییەتی ئەفغانستان لەژێر فەرمانی دەوڵەتی ئەفغانستان شەڕ بکەن".

هاوکات تاڵەبانیش بەرانبەر بە قسەکانی "زەریف" کاردانەوەی نیشان داوە و وتبووی کە قسەکانی "زەریف" نائاگاهانە و نابەرپرسانە بووە.

زەریف لەوبارەوە وتبووی: "تاڵبان هەوڵگەلێکی تێرۆریستیی زۆری ئەنجام داوە، ئەوەی کە تاڵبان گروپێکی تێرۆریستییە یان نە لە یاساکانی ئێمەدا هێشتا تاڵەبانمان لە لیستەی گرووپە تێرۆریستییەکان نەهێناوەتە دەرەوە. لە یاساکانی ئێمەدا مادام ئەوەیکە لە یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بووە، ئێمە پێبەندی نەتەوە یەکگرتووەکانین".

تاڵەبان لە بەیانییەیەکدا ڕایگەیاندووە: "قسەکانی زەریف بە شێوەی ئاشکرا دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئەفغانستانە و ئاوا دەربڕینگەلێکی نابەرپرسانە و بە دوور لە ڕاستی، لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە دەتوانێت زیان بە پەیوەندییەکانی دوو وڵاتی دۆست و دراوسێ بگەیەنێت".

تاڵەبان لەو بەیانییەیەدا ڕایگەیاندووە کە "ئەمارەتی ئیسلامی"، لە هیچ لیستێکی تێرۆریستیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نییە و قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران لەمبارەوە نائاگاهانەیە.

قسەکانی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ هەواڵنێری "تلووع نیووز" دەنگدانەوەی زۆری لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبووه.