کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژ لەگەڵ سکرتێری تازە هەڵبژێردراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

20:51 - 20 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ، فاتمە عوسمانی، سکرتێری هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ٣ی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتووێژێکی پێک هێنا.

دەقی تەواوی ئەم وتووێژە بەم چەشنەیە:

کوردستان میدیا: سەرەتا ئەگەر دەکرێت لە بارەی رەوتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ٣ و ئەو باس و بابەتانەی لەوێ کەوتنە بەر باس بڕێ شرۆڤە و شیکاریمان بۆ بکەن. ئێوە ئاستی ئەم کۆنگرەیە بە نیسبەت کۆنگرەکانی یەک و دووی یەکیەتیی ژنانەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟!

فاتمە عوسمانی: کۆنگرەی سێهەمی یەکیەتی ژنان هەر وەک کۆنگر‌‌ه‌کانی پێشوو بە پێی بەرنامەی هەیئەتی ئاماده‌کاری کۆنگرە لە بارودۆخێکی تایبەتیدا بەسترا، ئەو بابەتانەی کە قسەیان لە سەر کرا بەپێی دۆخەکە تایبەت بوون و پێگە و کاریگەری ژنی کورد لە ئێستادا و گرینگیی ئەو کاریگەریانە لە داهاتوودا وای کرد کە ئەو کۆنگرە‌بە نیسبەت کۆنگر‌ه‌کانی دیکەی ئەو رێکخراوە گرینگیی هەبێ و ئەوه‌ش بوو بە هوێ بەرزبوونەوەی ئاستی کۆنگرە لە بواری بەشداری ئەندامان لە باسەکان و بە شێوەیەکی گشتی کەیفیەتی کۆنگرە.

کوردستان میدیا: زۆر جار یا با بڵێین هەموو کاتێک، پاش بەڕێوەچوونی کۆنگرەی حیزبەکان و رێکخراوەکان کۆمەڵێک راپۆرت دەبینن کە باس لە بەڕێوەچوونی سەرکەوتوانەی کۆنگرەکە دەکەن، دەتوانم لە جەنابتان پرسیار بکەم کە ئایا ئێوە کۆنگرەکەتان سەرکەوتوو بوو؟‌! ئێوە سەرکەوتوو بوونین کۆنگرەیەک لە چیدا دەبینن؟!

عوسمانی: بەڵی کۆنگرە سەرکەتوو بوو لە روانگەی منەوە سەرکەوتنی کۆنگرە بەوە دردەکەوەێ کە کارە‌کانی خۆی بە باشی بەڕێوە ببات و بەرنامە و راسپاردەی خۆشی بۆ داهاتووی کاری رێکخراوەیی بخاتەڕوو و خۆی بە بەڕێوەبردن و ئەنجام دانی ئەو بەرنامەیە ئەرکدار بکا بە خوشیەوە کۆنگرەی سێهەمی یەکیەتی ژنان بەو هۆیانەوە وا باسم کرد سەرکەتوو بوو.
11773.jpg


کوردستان میدیا: یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی دامەزراوە و بەرە بەرە بە ٦٩ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئەو یەکیەتییە نزیک دەبینەوە، بەڵام بۆچی تا ئێستا تەنیا ٣ کۆنگرەتان گرتووە؟! گرتنی کۆنگرەکان لە کەیەوە دەستی پێکردووە و پێشتر کێ وەکوو سکرتێر هەڵبژێردرابوون؟! مێژووی کۆنگرەکانی یەک و دوو و سێ .

عوسمانی: لە گەڵ ئەوەی کە یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران رێکخراوێکی مێژووییە و جێگای لە خەباتی رەوای ژنانی کورددا دیارە، بەڵام ئەو یەکیەتییە بە هۆی ئەوەی کە بە قۆنا‌غ و بارودۆخی تایبەت تێپەر بووە، قۆناغی کار و چالاکیە‌کانیش تایبەت بووە، لە هەر هەلومەرجێکدا بۆی ره‌خسابێ کاری خۆی کردووە بەڵام هێندێک هەلومەرجی سیاسی رێگەی بەو چالاکییە نەداوە بۆیە یەکیەتی ژنانی بەڕێوەبەرایەتی خۆی پێشتر لە رێگەی کۆنفرانسی گشتی‌یەوە هەڵبژاردوە و دواتر بە لێکدانەوەی ئەوەی کە کۆنفرانسه‌کانی یەکیەتی ژنان هەموو تایبەتمەندییەکی کۆنگرەی تێدایە بوو بە کۆنگرە، یەکەم سکرتێری ئەم رێکخراوە بە هۆی ئەوەی کە لە کۆماری کوردستاندا دامەزراوە مینا خانمی قازی خێزانی پێشەوای نەمر بووە و هەتا ئێستا لە قۆناغ و دە‌و‌رەی جیاوازدا چەندین کەس وەک سکرتێر لەو رێکخراوەدا رۆڵیان نواندووه.

کوردستان میدیا: ئێوە وەک سکرتێری نوێی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەپێی ئەوەیکە هەموو ئەندامانی بەڕێوەبەریتان تازە هەڵبژاردوە چ بەرنامەیەکی کاریتان بۆ داهاتوو هەیە؟

عوسمانی: ئێمە وەک بەڕێوەبەری هەڵبژێردراوی کۆنگرەی سێهەم دروشمی کۆنگرە واتا پێشەنگی ژنی کورد لە پێناو داهاتوویەکی ئازاددا بە بەشێکی بەرنامەی کاری خۆمان دەزانین و پێشاندانی توانای ئەو رێکخراوە لە رێگەی کار و چالاکیەکانەوە لە بەرنامەی ئێمە دایە.

کوردستان میدیا: کار و چالاکیی ئێوە بۆ ژنانی رۆژهەڵاتە لەو پەیوەندییەدا تا چ ئەندازەیەک و چۆن دەتوانن دژ بە توندوتیژی دژی ژنان لە کوردستان بوەستنەوە و ئەو رێکخراوە ژنان پەروەردە بکات؟

عوسمانی: بەداخەوە لەبەر ئەوەیکە ئێمە راستەوخۆ ناتوانین لەگەڵ ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پەیوەندی دابین هەوڵمان ئەوەیە کە لەهەر رێگایەکی مومکین کەڵک وەرگرین بۆ رۆشنگەری کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ ژنانی کورستان و گەیاندنی زانیاری و پەروەردە کردنیان بۆ رێگا خۆشکردن بۆ گەیشتن بە مافەکانیان و کەریگەری خۆیان لەسەر کەم کردنەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان.
کوردستان میدیا: سەبارەت بە دۆخی هەنووکەیی ژنان لە کوردستانی رۆژهەڵات کە زیاتر ژنان لە بنەماڵەکاندا دەبنە قوربانی چ بەرنامەیەکتان هەیە؟! ئایا بۆ کەمکردنەوەی پێشێلکاریی مافی ژنان لە کوردستان بەرنامەیەکی داڕێژراوتان هەیە؟

عوسمانی: هەر وەک لە پرسیاری پێشوو وڵامم داوە ئێمە لەو رێگایانەی کە بە مومکینی دەزانین و زۆرترین دەرئەنجامی بۆ پێشبینی دەکەین هەوڵ دەدەین کە کاریگەریمان هەبێ لەو بوارەدا.

11775.jpg

کوردستان میدیا: بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی لەگەڵ رێکخراوەکانی دیکەی ژنانی کوردستانی ئێران دەتانەوێ چی بکەن؟! ئایا پێتان وانیە کە کاری هاوبەش باشترین رێگاچارەیە لە ئێستادا؟

عوسمانی: هەتا ئێستا ئەو پەیوەندییە، پەیوەندیەکی پتەو بووە و کاری هاوبەشی لە بورای ژناندا بە تایبەتی لە بۆنەکانی ژنان کراوە و ئێمەش هەوڵمان هەر ئەوە دەبێ و بڕوامان بە کاری هاوبەشی ژنان و کاریگەری کاری هاوبەش و لەو رێگایەشەوە هاودەنگی ژنی کورد لە بوارە جیاوازەکاندا هەیە.
کوردستان میدیا: بە پێی ئەو رەوتەی کە ئێستا بە سەر ئێران بە گشتیدا زاڵ بووە، ئێستا پێتان وا نیە کە بزووتنەوەی سەرتاسەریی ژنان دەتوانێت کاریگەرتر بێت؟! هیچ بەرنامەیکتان بۆ ئەوە هەیە؟

عوسمانی: ئەوە شتێکی حاشا هەڵنەگرە کە بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری دەتوانێ زۆر ئاڵوگۆڕی نیسبەت بە کێشەی ژن لە ئێراندا بە دواوە بێ لەوانەیە ئەو بزووتنەوە سەرتاسەریە دروست نەبووبێ بەڵام رۆڵ و کاریگەریی ژنی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات لەو بوارەدا دیارە و ئەگەر لە داهاتوودا بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری رێکخراو دروست ببێ ژنی کورد پێشەنگی ئەو بزووتنەوەیە و لەو بوارەشدا بە رۆڵی بەرچاوی خۆی نیشانی داوە و ئێمەش وەک یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو بوارەدا هەم هەڵوێستمان هەبووە هەم بەرنامەشمان دەبێت.
کوردستان میدیا: پێشێلکاریی مافی ژنان لە ئێران بە ژێر گەڵاڵەیەک بە ناوی تەرحی ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر کە لەلایەن بەسیجییەکانەوە بەڕێوە دەچێت و پشتیوانیی قورسی رێژیمی لە پشتە، چووەتە قوناغێکی نوێیەوە، ئێوە، ئایا پێشبینی ئەوەتان کردووە کە ئەو پێشێلکارییانە و ئەو تەرحانە کوردستانیش بگرنەوە؟‌! ئەگەر تەرحی پراکتیکی ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکێر کوردستن بگرێتەوە ، ئێوە چ بەرنامەیکتان دەبێت؟!

عوسمانی: پەسندکردنی ئەو شێوە گەڵاڵانە سیاسەتی خۆی لە پشتە و پێمان وایە ئەو تەرحە کوردستانیش دەگرێتەوە و لەوانەیە شێوەی بەڕێوەبردنی توندتریش بێ بە هۆی هەلومەرجی ئێستای کوردستان لە بواری سیاسی و دروست کردنی ترسێکی زۆر لە دڵی ژنانی کورددا بۆیە ئێمە لە داهاتوودا لەو بوارە بەرنامەی خۆمان پیشان دەدەین.

11774.jpg

کوردستان میدیا: ژنی کورد، سەرەڕای خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆی کە بە هۆی رەگەزیەوە پێشێل کراوە، لە سەنگەری خەبات و تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوایەتیش، شان بە شانی پیاو خەبات دەکات، ئێوە پێتان وانیە کە ئەم بەشداری کردنە لە هەردوو خەباتەکە، وەدیهاتنی ئامانجەکانی خەبات بە دژی پێشێلکاریی مافەکانیان دەخاتە دواوە؟!

عوسمانی: ئەو راستییە کە ژنی کورد بە درێژایی مێژووی خەباتی سینفی خۆی لەگەڵی بەرەوڕوو بووە، پێشلکاریی مافی نەتەوایەتیە کاتێک ژنی کورد وەک پێشمەرگە لە سەنگەری خەباتی نەتەوایەتی دایە بۆ وەدیهێنانی مافی نەتەوایەتی گەلی کورد تێدەکۆشێ کە واتا ناتوانێ لەو خەباتە جیا ببێتەوە و تەنیا خۆی بە خەباتی سینفی ژنان ببەستێتەوە، ئەوەی راستیە ئەوەیە کە ژنی کورد بە بێ وەدەستهێنانی مافی نەتەوەایەتی ناتوانێ مافی ئینسانیی خۆی وەک ژن بە دەست بێنێ بۆیە بەردەوام لەو دوو سەنگەرەدا بە شێوەیەکی هاوتەریب لەگەڵ یەکتر خەباتی کردووە ژنی کورد هەر بەو نێوەی کە هەیەتی پێویستە لە هەردوو بواردا خەبات بکا.
کوردستان میدیا: ئێوە پێتان وایە کە لە ئێستادا کە کوردستان لە دەستی رێژیمی ئێران دایە، ژنان دەبێ زۆرتر لە خەباتی نەتەوایەتی بەشداری بکەن یاکوو دەتوانن هاوکات هەم خەباتی نەتەوایەتی بکەن و هەمیش خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆیان؟! ئەرکی ژنان بە گشتی لەم قوناغەدا چییە؟ لە کۆتاییشدا دەمهەوێ پرسیاری ئەوەتان لێ بکەم کە ئێوە، وەکوو سکرتێری نوێی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چ داواکارییەکتان لە ژنانی کوردستانی ئێران هەیە؟! چ بکەن بۆ ئەوەی ژنی کورد ئەم قوناغەی خەباتی خۆی کە بەدەستهێنانی مافی خۆیەتی زووتر تێپەڕ بکات؟!

عوسمانی: هەر وەک لە پرسیارەکانی پێشوو وڵامم داوە، ژنی کورد ناتوانێ نە واز لە خەباتی نەتەوایەتی بهێنێ و نە خەباتی ژنانە بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی خۆی، بۆیە بەڕای من پێویستە ژنی کورد هاوکات لە هەردوو خەباتەکەدا خۆی نیشان بدا هەر چەندە ئەو ئەرکێکی زۆر قورس لەسەر شانی ژنی کوردە بەڵام هەروەک مێژوو نیشانی داوە ئەوە لە توانای ژنی کورددا هەیە و ئەوە ئەرکی ژنی کوردە لەو قۆناغەدا. هەر توێژێکی کۆمەڵایەتی بۆ دەستهێنانی مافەکانی کاتێک دەتوانێ کاریگەریی هەبێ کە ئەو توێژە راستەوخۆ خەبات بکا بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی و بۆ خۆی تیایدا بەشدار بێ بۆیە داوام لە ژنانی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات ئەوەیە کە ئەو خەباتە لە پێش هەموو شتێکدا لەسەر شان و بەشداریی ئێوە ژنان بە ئاکام دەگات با ئێمە ژنان خۆمان زیاتر هەوڵ بدەین و بەشدار بین لەو خەباتەدا ئەوەش وادەکات ئێمە زوو بە ئامانجەکانمان بگەین.