کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژ لەگەڵ ماردین ڕەحیم نژاد/ تاوتوێی ناسیۆناڵیزمی کوردی لە دژی فاشیزمی ئێرانی

12:46 - 1 رەزبەر 2720

وتووێژ: بێهزاد قادری

لەم وتووێژەدا هەوڵمان داوە لەگەڵ بەڕێز "ماردین ڕەحیم نژاد" چالاکی سیاسی لە دەرەوەی وڵات، باس لە فاشیزمی ئێرانی بکەین، هەروەها جیاوازیی ناسیۆناڵیزمی پێشکەوتنخوازانەی کوردی لەگەڵ فاشیزمی ئێرانی تاوتوێ بکەین.

- مێژووی سەرهەڵدانی فاشیزمی ئێرانی بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟

سەرهەڵدانی فاشیزمی ئێرانی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدە و ساڵەکانی کۆتایی حکوومەتی قاجارەکان. لەو قۆناغەدا بارودۆخی سلسلەی قاجاڕ (هەر وەکووو خۆتان دەزانن تا ئەو کات وڵاتێک نەبوو بە ناوی ئێران) زۆر نالەبار و زۆر دواکەوتوو بوو، ئاڵوگۆڕەکانی ڕووسیە وەکووو دراوسێی قاجاڕەکان و هەروەها هاتنی خوێندکاری ئێرانی بۆ ئورووپا و بینینی پێشکەوتنەکانی ئورووپا و ئاشنابوون لەگەڵ زانستی سەردەم بوون بە هۆکاری ئەوەی کە ئەو پرسیارە لە مێشکی نۆخبەی فارسدا چەکەره بکات کە هۆکاری دواکەوتووییان چییە و چۆن دەتوانن لەو دۆخە دەرباز ببن؟

ڕۆشنبیرانی فارس (هەڵبەت ڕۆشنبیر بە مانای ئەوەی کە ئەو کەسانەی بیروڕایان لەگەڵ خەڵکی ئاساییدا جیاواز بوو نەک بە مانای ئیمڕۆیی ڕۆشنبیر) یەکەم هۆکاری دواکەوتوویی وڵاتیان بۆ ئیسلام و هێرشی عەرەب و زاڵبوونی کولتووری ئیسلامی لەقەڵەم دا. هەر بۆیە بەتوندی هێرشیان کردە سەر عەرەب و ئیسلام و جووڵانەوەی دژە عەرەبی ــ ئیسلامی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەشەی سەند. کەسانێک وەکوو "فەتحعەلی ئاخوندزادە" و "میرزا ڕەزا کرمانی" کە بە باوکی ناسیۆناڵیزمی ئێرانی ناسراون یەکەمین هەنگاوەکانیان هاویشت. هاوکات لەگەڵ دژایەتیکردنی کولتووری ئیسلامیدا، بەرانبەر بە ئورووپا و پێشکەوتنەکانیشی سەرسام ببوون. هەر بۆیە هەوڵیان دا مۆدێلێک لە نەتەوەسازی لە ئورووپا (بە تایبەت ئاڵمان و فەڕەنسا) بگوازنەوە بۆ ئێران بۆ ئەوەی لەو بارودۆخە دواکەوتوویە ڕزگاریان ببێت. نووسەران و خوێندکارانی فارس و تورک لە ڕێگای دوو گۆڤاری "کاوە" و "ئیرانشەهر"ەوە هزری ناسیۆناڵیزمی ئێرانیان پەرە پێدا و ئێرانیان وەکوو وڵاتێکی یەکدەست و یەک کولتوور و یەک زمان کە خاوەنی شارستانییەتێکی سێ هەزار ساڵەیە، پێناسە کرد.

تا کۆتایی قاجاڕەکان ئەو ناوچەی کە ئێستا پێی دەڵێن ئێران وەکوو ناوچەیەکی کۆنفێدڕاڵی بەڕێوە دەچوو و هیچکات زمانێک نەببووە زمانی تەواوی وڵات بەڵکوو هەر ناوچەیەک و زمان و کولتووری جیای خۆی هەبوو، بەڵام سلسلە پاشایەتییەکان هەریەکە و لە سەردەمێکدا و هەریەکە و لە ناوچەیەکدا دەسەڵاتیان دەگرتە دەست، هەندێک لەوانە بچووک بوون و دەسەڵاتیان قەتیس دەبووە سەر ناوچەیەک و هەندێکیشیان دەسەڵاتیان بەرفراوانتر دەبوو و ناوچەی ژێر کۆنترۆڵیشی بەرینتر دەبوو.

 بە خوێندنەوەی فاشیزمی ئێرانی بۆ دەربازبوون لەو دۆخی دەستاودەستبوونی دەسەڵات و لاوازی و دواکەوتووییە دەبێ وڵات یەکپارچە بکرێت و یەک زمان و یەک نەتەوە و یەک ئاڵا بە زۆرەملێ و بە ئاسیمیلەکردنی نەتەوە غەیرە فارسەکان، بسەپێنرێت.

- فاشیزمی ئێرانی لە هەنووکەدا چەندە لە ئاسمیلاسیۆنکردنی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی وڵات سەرکەوتوو بووە؟

فاشیزمی ئێرانی لە سەرەتاکانی دەسەڵاتی ڕەزاخاندا بوو بە پرۆژەیەکی حوکومی و بە پشتیوانیی نەتەوەی باڵادەست و بە تەرخانکردنی سەدان میلیارد دۆلار تا هەنووکە خەریکی داهاڕینی کولتوور و شارستانییەتی نەتەوە بەزۆرەملێ بە ئێرانی کراوەکانە.

ئەگەر خۆشبینانە قسە بکەین و بڵێین سەرکەوتوو نەبووە و توانیومانە بەرگری بکەین، پێم وابێت تووشی هەڵە دەبین، بۆ نموونە سەیری تەنیا زمانەکەمان بکەین دەزانین تا چ ڕادەیەک زمانی کوردی لاواز کراوە و لە ئەدەبیاتی ڕۆژانەی خەڵکدا تا چ ڕادەیەک دوور کەوتووەتەوە. چەند لەسەدی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات ئێستا دەتوانێت کوردی بنووسێت و بخوێنێتەوە (چ سۆرانی، چ هەورامی، چ کرمانجی، چ کەلهوڕی و لۆڕی)؟ چەند لەسەدی ئەو وشانەی کە بەکار دەبرێن کوردین؟ ئاسیمیلاسیۆن پرۆسەیەکی نەرم و هێدی هێدییە و لەلایەن دەزگای پڕوپاگەندە و ڕاگەیەندرەکان و هەروەها قۆتابخانە و زانکۆکانەوە دەسەپێنرێت. بۆ نموونە ئەو چەند وشانە لەبەرچاو بگرن: "وشەی گسک یان گزی دەبێتە جاڕوو یان جاڕوو بەرقی، قوتابخانە یان مەکتەب دەبێتە مەدرەسە، مامۆستا دەبێتە موعلیم و ئامووزگار، پێخەف دەبێتە پەتوو، چوارگۆش دەبێتە مرەبەع، بازنە دەبێتە دایرە" و هەزاران وشەی تر کە ڕۆژ بە ڕۆژ لەژێر دەزگای داپڵۆسێنەری فاشیزمی ئێرانیدا لە ئەدەبیاتی خەڵک دوور دەخرێنەوە و وشەی زمانی کۆلۆنیاڵیست جێیان دەگرێتەوە. ئەم پرۆسە زۆر مەترسیدارە و لە ئەگەری بەردەوام بوونیدا بەشێکی زۆری وشە و چەمکەکانی زمانی کوردی لەبیر دەچنەوە. بەتایبەت زاراوەی هەورامی و کەلهوڕی ــ لۆڕی زۆرتر لە مەترسیدان بەڵام ئەو مەترسییە لەسەر زاراوەی سۆرانی و کرمانجی بە ڕێژەیەکی کەمتر مەترسیدارە چونکە لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستان ئەو زاراوانە لە قوتابخانە و ڕاگەیەندراوەکان و... بایەخیان پێ دەدرێت، بەڵام بەداخەوە هەورامی و کەلهوڕی ــ لۆڕی ئەو هەلەیان بۆ نەڕەخساوە و دەبێ بۆیان بڕەخسێت و خۆیشیان بە ڕۆحێکی هەستیارانە و کوردانە و نیشتمانپەروەرانەوە هەوڵی بۆ بدەن. لاواز بوون یان لەنێوچوونی هەرکام لە زاراوەکانی زمانی کوردی دەبێتە هۆکاری لاوازیی کۆی گشتیی زمانەکەمان.

- فاشیزمی ئێرانی لە چ شێوازگەلێک بۆ بەرەوپێشبردنی پیلانەکانی خۆی دژی گەلی کورد کەڵک وەردەگرێت؟

پرۆسەی ئاسیمیلاسیۆن پرۆسەیەکی کۆڕەهەندە کە تەواوی هەست و نەستی نەتەوەی کوردی کردووەتە ئامانج.

داگیرکەر بۆ ئاسیمیلەکردنی گەلی کورد تەنیا قەناعەتی نەکردووە بە لاوازکردن و سڕینەوەی زمانی کوردی، بەڵکوو وەکوو پرۆسەیەکی بەرین کار بۆ سڕینەوەمان دەکات کە لە وتووێژێکی کورتدا ناکرێت هەموو وردەکارییەکانی باس بکرێن، تەنیا بە کورتی ئاماژە بە هەندێک خاڵ دەدەم.

زمان؛ لەسەر گرینگی زمان بە سەدان بیرمەند و بە سەدان لێکۆڵینەوەی زانستی کراوە و پێویست بە دووبارەکردنەوەیان نییە. وەکوو "هایدگێر" دەڵێت: "زمان ماڵی بوونە"، زمان کۆڵەکەی مانەوە و پێناسەی هەموو نەتەوەکانە، زمان بەرهەمی دەیان هەزار ساڵ شارستانییەت و گەشەی مرۆڤەکانە. بۆ لەنێوبردنی نەتەوەیەک تەنیا پێویستە زمانەکەی بکوژیت. هەروەکوو پێشتریش بە کورتی ئاماژەم پێدا، زمانی کوردی گرینگترین چەکی دەستی نەتەوەکەمانە بۆ پارێزگاری لە شوناسی خۆی. داگیرکەر لە ڕێگای پەروەردەی زۆرەملێ بە زمانی فارسی و قەدەغەکرنی زمانی کوردییەوە دەیهەوێت بوونمان بسڕێتەوە. چونکە بوونی ئەو مەرجدارە بە نەبوونی ئێمەوە. ئەو ناسنامە و مێژووەی ئەو دایتاشیوە و ئەو وڵاتەی ئەو بونیادی ناوە لەسەر سامانی مێژوویی ئێمە و لەسەر خاکی ئێمە بە درۆ و دەلەسە دایتاشیوە. هەر بۆیە تا ئەو کاتەی ئەو دەبێت کە ئێمە نەبین کە بووین ئەو خۆی بۆ خۆی نۆقمی درۆکانی دەبێت و لەنێو دەچێت.

مێژوو؛ ئەگەر سەیری مێژوو بکەین سەرتاپای لە بەرژەوەندیی نەتەوەی فارسدا نووسراوەتەوە. لە پلانی نووسینەوەی مێژوودا هەموو سامانی مێژوویی گەلی کورد بە ناوی نەتەوەی ئێران (فارس) تاپۆ دەکرێت و نەتەوەی کورد بێبەش (تُهی) دەکرێت لە هەر جۆرە شارستانییەت و چالاکییەکی مرۆڤانە و بە ئاشکرا و بەئەنقەست کورد دەخرێتە پەراوێزەوە. لە کاتێکدا بەشی هەرەزۆری شارستانییەت و کولتووری بەزۆر تاپۆکراو بە ناو ئێرانەوە، شارستانییەت و کولتووری کوردستانییە. هەر لە سوومرییەکانەوە تا دێتەوە لۆلۆیی و گۆتییەکان و کاسییەکان و لە هەمووی گرنگتر عیلامییەکان و تا دواتریش ساسانییەکان هەموویان شارستانییەتی کوردستانین و لە زاگرۆسەوە سەرچاوەیان گرتووە. بەڵام کاتێک مێژوو دەخوێنیتەوە ئەمانە لە چوارچێوەی شارستانییەتی ئێرانیدا (واتە فارسیدا) نووسراونەتەوە. خودی وشەی ئێرانی کڵاوێکی فێڵاوییە بۆ ئەوەی فاشیزمی فارس بەبێ ناوهێنانی خۆی و بۆ ئەوەی هەستی نەتەوەکانی دیکە لە دژی فارس نەجووڵێت و بە ئاسانی بتوانن بیانتوێننەوە و قاڵبێکی فارسیان بەسەردا بسەپێنن، ناوی ئێرانیان لە شەشی بەفرانباری ١٣١٣دا هەڵبژارد.

داهاڕینی کەسایەتیی تاکی کورد بە چەشنی جۆراوجۆر؛ فاشیزمی فارس لە ئەدەبیاتی زارەکییەوە بگرە کە بە تانە و تەشەر نەتەوەی کورد دادەهاڕێت تا شێوەگەل و سیاسەتی جۆراوجۆر لەوانە ناچارکردنی کوردەکان بە کۆڵبەری و کۆچکردنیان بۆ شارە فارسنشینەکان کە زۆربەیان وەکوو سەرایەدار و ئەنبارچی و پاسەوان و ئیشی نزم و بێ بایەخ، دەست بەکار دەبن و لە بەکگراوەندی مێشکی کورددا ئەو وێنە دەخولقێنێت کە فارس ئەرباب و کوردیش کۆیلەی ئەربابەکانیەتی و بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خۆی دەبێ خۆی لە کوردبوون داماڵێت و وەکوو فارسێک خۆی پێناسە بکات. وەکوو "فڕانتس فانوون" دەڵێت: "بە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریی کۆلۆنیالیسم کۆتایی پێنایەت، بەڵکوو تەنیا ئەو کاتە کۆلۆنیالیسم کۆتایی پێ دێت کە کۆلۆنیالیسم لەنێو ڕۆح و هەناوی مرۆڤەکاندا کۆتایی پێی هاتبێت"، داگیرکەر بۆ بەردەوامی باڵادەستیی خۆی بەردەوام کورد لاواز دەکات و دەیکاتە کرێکاری "یدی" و دەیخاتە خزمەتی ئەربابەکانیەوە، لەبەر ئەوەی ڕۆحی بە کۆیلەتی بمێنێتەوە و شۆڕش نەکات تا ئەو کاتەی بە یەکڕا تەسلیمی ئیرادەی ئەوان دەبێت.

- میدیا فارسییەکانی دەرەوەی ئێران کە بەناو دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانن، چ ڕۆڵێکیان لە پەرەپێدان بە فاشیزمی ئێرانی هەیە؟

من وەکوو خۆم کۆماری ئیسلامیش بە یەکێک لە بەرهەمەکانی فاشیزمی فارس دەزانم. فاشیزمی فارس بە هەموو ئەو کەسانە دەوترێت کە بە بۆنەی باڵادەستیی نەتەوەی فارس و بەرژەوەندییەکانی، چاوپۆشی لە مافی نەتەوەکانی تر بکات. چ ئەو کەسە هەڵگری بیری ئایینی بێت، چ هەڵگری بیری پاشایەتی بێت، چ هەڵگری بیری لیبراڵی بێت یان مارکسی، مادەم لە ناخی دڵەوە پشتیوانی لە زوڵم و زۆر و هەڵاواردن و جینایەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامی بکات، شەریکی ئەو تاوانانەیە کە دەرحەق بە نەتەوە چەوسێنراوەکان دەکرێت.

میدیای دەرەوەی فارس ئەژدیهایەکی چەند سەرە کە چەند ڕۆڵ دەگێڕێت، لەوانە زۆر بە زیرەکی خەریکە کۆماری ئیسلامی لە کۆی بازنەی نەتەوەی ئێران دەخاتە دەرەوە و نەتەوەی ئێران و فاشیزمی فارس لە کۆماری ئیسلامی جیا دەکاتەوە و دەیهەوێت نەتەوەی ساختەی ئێران (فارس) بە پیرۆزی بهێڵێتەوە لە حاڵێکدا کە خودی کۆماری ئیسلامی بەرهەمی هەمان فاشیزمە لە قۆناغێکدا کە مەترسیی نەمانی قەوارەی ئێران لە ئارادا بوو. ئەوان بەپێچەوانەی نەتەوەی کورد کە تا کێشەیەکی ئابووری یان کۆمەڵایەتی دروست دەبێت یەکڕا هێرش دەکەنە سەر دەوڵەتی "کوردی"، (لەجێی هێرش بۆ دەسەڵاتێکی دیاریکراو) ئەوان زیرەکانە ئەرکی پاڵاوتنی نەتەوەی ئێرانی دەدەن و نەتەوەی ئێران لە کۆماری ئیسلامی جیا دەکەنەوە.

میدیای دەرەوەی فارس خەریکی ئامادەکردنی مێشکی نەتەوە نافارسەکانە بۆ درێژەپێدانی دۆخی کۆلۆنیالیسم  لە دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی. خەریکە لە بازنەی ئەو تێئۆریانەدا شەڕی هزری دروست دەکات کە لە ئاکامی سەرکەوتنی هەرکام لەو تێئۆریانەدا گەلی کورد و گەلانی دیکەش بە کۆلۆنی ئەوان دەمێننەوە و براوەی سەرەکی نەتەوەی فارس دەبێت. بۆ نموونە شەڕی نێوان بیرۆکەی سەڵتەنەت خوازەکان و تێئۆریی ئیران شەهری و دێموکراسیی ئیسلامی و... دێنێتە ئاراوە کە هیچکام لەو قەوارە فکرییانە ئازادیی ئێمەی بەدواوە نایەت، بەڵکوو لە بەردەیی بۆ مەلایەکەوە دەگوازرێنەوە بۆ بەردەیی بۆ کەرەوات لە ملێک.

میدیای دەرەوەی فارس بە پشتیوانی تێئۆرسیەنەکانیان خەریکی چەواشەکاریی فەلسەفی و خەریکی گۆڕینی مانای چەمکەکانە. لە میدیای دەرەوەی فارسدا قەت تۆ نابینی باسی چەمکی مافی چارەی خۆنووسین کە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ و بنەمای ئازادیخوازییە، بکرێت. لە میدیای دەرەوەی فارسدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ژوورە فکرییەکانی سپای پاسداراندا چەمکی ئازادی لە مانا بەرینەکەیەوە قەتیس دەکرێتەوە سەر ئازادیی جلوبەرگ و ئازادییە تاکە کەسییەکان و قەت نابینی باسی ئازادی وەکوو مافێکی نەتەوە چەوسێنراوەکان بێتە ئاراوە.

دەتوانین بڵێین میدیای فارس لە دەرەوە جێبەجێکاری پلانە نەرمەکانی سپای قۆدسە. هەردووکی ئەم بەشە یانەی سپای قۆدس و ئۆپۆزسیۆن و میدیای دەرەوە کێشەیان لەگەڵ ڕۆحانییەت هەیە. سپا دەیهەوێت کۆتا بڕیاردەری سیاسەتەکانی دەرەوە و نێوخۆ لەدەست خۆیدا بێت و ڕۆحانییەتی وەکوو ئامرازێک بۆ گەوجاندنی خەڵک دەوێت. ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە و میدیاکانیشیان کێشەیان لەگەڵ ڕۆحانییەت هەیە کە حۆکمی لەدەستدا بێت و خوازیاری کاڵ کردنەوە و نەهێشتنی کاریگەریی هزریی ڕۆحانییەت و ئایینن لەسەر کۆمەڵگا. بە سەدان جار لە سەدان نووسراوە و هەڵوێستدا میدیای دەرەوە پشتیوانیی خۆیان بۆ سیاسەتەکانی سپای قۆدس لە دەرەوەی ئێران دەربڕیوە و بە هیوای هاتنە دیی خەونی بونیادنانەوەی پێرشیای نۆستالۆژیکیان زانیوە. تەنانەت وەکوو "وێنە گەورەکە" ناوی دەبەن. لە دوای کوژرانی "قاسم سلێمانی" هەموو میدیاکارانی دەرەوەی فارس تازیەبار کەوتن.

هۆکاری ئەوەی کە ئۆپۆزسیۆن و میدیای دەرەوە، پشتیوانی لە هێزێکی ترۆریستی وەکوو سپای پاسداران دەکەن، ئەوەیە کە تەنیا هێزێکە لە ئەگەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدا دەتوانن هیوایان پێی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە زەبروزەنگ و داپڵۆساندنی نەتەوە بەزۆرەملێ بە ئێرانی کراوەکان، ناچار بە مانەوەیان بکات لە چوارچێوەی وڵاتی ساختەی ئێراندا.

کاتێک لە کۆزەیەکدا ئاو دەکەیتە نێو پەرداخێک تەنیا شکڵی ئاوەکە دەگۆڕدرێت ئەگەرنا ئاوەکە هەمان ئاوە، جیاوازیی نییە لەنێوان ئاوی دەرەوەی کۆزەکە و ناوەوەی کۆزەکە. دەتوانی ئاو بکەیتە نێو سەدان مۆدێل پەرداخەوە و سەدان شکڵ بدەی بە ئاو بەڵام تام و بۆنی ئاوەکە ناگۆڕدرێت. من هیچ جیاوازییەک  نابینم، ئەوانەی دەرەوە و ناوەوە بە سیاسیکار و میدیاکاریەوە هەموویان یەک خوێندنەوەیان بۆ چەمکی مافی چارەی خۆنووسین و ئازادی و دیموکراسی هەیە، هەموویان کاتێک باسی مافی چارەی خۆنووسین دێتە ئاراوە دەبنە وەحشی و تەنیا ئامرازێک بیری لێ دەکەنەوە تۆپ و تانک و فڕۆکەیە.

- چ جیاوازییەک لەنێوان "فاشیزمی ئێرانی" و "ناسیۆناڵیزمی پێشکەوتنخوازانەی گەلی کورد"دا هەیە؟

هەروەکوو پێشتر ئاماژەم پێدا فاشیزمی ئێرانی فاشیزمێکی کوێر و کەڕ و پاشوەگەڕخوازە. فاشیزمی ئێرانی بۆ پاراستن و بگرە بەرینترکردنی وڵاتی ئێران دەیهەوێت سیستمی دنیا لە دیسیپلینی نوێوە (نظم نوین) بۆ دیسیپلینی ئەمپراتوری بگەڕێنێتەوە. هەروەک دەزانن دنیا وەکوو زەروورەتێکی حەیاتی گەشەی هزری مرۆڤ سێ دیسیپلێنی (نظمی) گۆڕیوە، ئەم گۆڕانکارییانە لەگەڵ گۆڕانکاری لە فەلسەفەی سیاسی و عقڵانییەتی مرۆڤدا هاتوونەتە ئاراوە، شتێک نین کە بتوانی بەرەو دواوە بیانگەڕێنیتەوە. مرۆڤ سەرەتا لە سیستمی ئەمپراتوریدا دەژیا و ئەمپراتورێک یان پادشایەک وەکوو مێشک لە کۆئەندامی جەستەدا بەبێ لێپرسینەوە و بەبێ پرس و ڕاوێژ هەموو کۆمەڵگای حۆکمڕانی دەکرد. پاش نزیک بە دوو هەزار ساڵ لەم شێوازە حۆکمڕانییە و تەجرۆبەکردنی هەزاران شەڕ و لەشکەرکشی و هەزاران جۆر سەرەڕۆیی مرۆڤ، سیستمی سیاسی لە پەیمانی وێستفالیادا بۆ شێوازی دەوڵەت- نەتەوە گۆڕی و هەموو سیستمی دنیا دوای ئەو پەیمانە بەرەو ئەو شێوازە حۆکمڕانییە ڕۆیشت. ئەم سیستمەش پاش نزیک بە پێنجسەد ساڵ کەم و کۆڕییەکانی دەرکەوتن و نەدەکرا بە ناوی حەقی حاکمییەتەوە حۆکمڕانەکان لە چوارچێوەی وڵاتی خۆیاندا چییان پێ باش بوو بیکەن و چۆن مەیلیان بوو کۆمەڵکوژی خەڵکەکەی خۆیان بکەن، هەر بۆیە عەقڵانییەتی سیاسی مرۆڤ گۆڕانی بەسەردا هات و سیستمی نوێ هاتە ئاراوە کە ئەستووریی سنوورەکانی کەم کردەوە و ئیتر ئەو حۆکمڕانییە ڕەهایانە کۆتاییان پێهات.

ڕەنگە بڵێن ئەم باسە چ پەیوەندییەکی بە فاشیزمی ئێرانییەوە هەیە؟ بەو کورتەباسە ویستم دەریبخەم کە فاشیزمی ئێرانی فاشیزمێکە کە دەیهەوێت سیستمی دنیا لە نەزمی نوینەوە بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی ئەمپراتوری بەو هیوایەی کە بتوانێت ئەو شکۆ وەهمییەی کە ١٥٠ ساڵ پێش ئێستا لە ناخی تاکی فارسدا چاندیان، بکەنە واقعییەت کە ئەمەش مەحاڵە. فاشیزمی ئێرانی چونکە لەسەر ئەساسی درۆ و لەسەر ڕەوتێکی پاشوەگەڕخوازانە بونیاد نراوە، ترسنۆکە و هیچ گۆڕانکارییەکی پێشکەوتوو بە قازانجی خۆی نازانێت و بە مەترسی بۆ سەر مردنی خەونەکانی دەزانێت هەر لە بەر هەمان هۆکارە کە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی ئاژاوە دەنێتەوە. ئەم ئاژاوە نانەوانە تا کاتێک بەردەوام دەبن کە بتوانێت مانەوەی خۆی بە سازکردنی چەکی ناوەکی و داگیرکردنی خاکی نەتەوەکانی دیکە گەرەنتی بکات. من کاتێک ڕۆشنبیرێکی فارس باسی ئازادی و دێموکراسی و مافی مرۆڤ دەکات پێکەنینم دێت. چونکە ئەوان هەموویان پێشێلکاری مافی مرۆڤن چ ئەوەی وەکوو سەربازێک و کارمەندێکی دائیرەیەک لەو سیستمەدا کار دەکات چ ئەوانەی بەناو ڕۆشنبیر لە دەرەوە و ناوەوەی ئێران بۆ بەردەوامیی دۆخی کۆلۆنیالیسم و بەردەوامیی سیستمی زوڵم، یەک وشە دەنووسن.

بەڵام بەپێچەوانەی فاشیزمی ئێرانی، ناسیۆناڵیزمی کورد ناسیۆناڵیزمێکە ڕووی لە پێشەوەیە و ئازادی و دێموکراسی و مافی مرۆڤ لە بەرژەوەندی و گەشەی ناسیۆناڵیزمی کوردیدایە و هەر جۆرە گۆڕانکارییەک مادام ڕووی گۆڕانکارییەکە بەرەو پێش بێت بە قازانجی ناسیۆناڵیزمی کورد تەواو دەبێت. ناسێۆناڵیزمی کورد قۆناغێکە لە دۆزینەوەی شوناسی داهاڕدراوی نەتەوەی کورد بۆ ئەوەی هاودەنگی و یەکیەتییەکی نەتەوەیی چێ بکات بۆ ڕزگارکردنی خاکە داگیرکراوەکەی و گەڕاندنەوەی کەرامەت و مافەکانی. ناسیۆناڵیزمی کورد پلانی بۆ داگیرکردنی خاکی هیچ نەتەوەیەکی دیکە نییە و بەڵکوو پشتیوان و پاڵنەر و هاندەری هەموو نەتەوە چەوسێنراوەکانە بۆ ئەوەی شۆڕشی ڕزگاریت خۆیان بەرپا بکەن.

فاشیزم قەت ناتوانێت سیستمێکی هزری وەها بونیاد بنێت کە شۆڕشگێڕ لە ناویدا لەدایک ببێت چونکە ناوەڕۆک و ماهییەتی فاشیزم لەسەر ئەساسی ملکەچی و ئیتاعەتکردن بونیاد نراوە. فاشیزم مرۆڤەکان دەکاتە کۆیلە و مرۆڤی گوێڕایەڵی دەوێت. بەڵام ناسیۆناڵیزمی کورد بەرهەمهێنەری سەدان و هەزاران شۆڕشگێڕە کە دەستیان لە ژیان و تەعەلۆقاتی مادی شوشتووە و بۆ چەسپاندی بەها ئینسانییەکان شۆڕشیان بەرپا کردووە. ناسیۆناڵیزمی کورد لەسەر ئەساسی واقعییەتێکی ئۆبژکتیو و بۆ ڕزگاری واقعیەتێک بە ناوی خاک و گەڕاندنەوەی حەقیقەتێک بە ناوی کەرامەتی مرۆڤی کورد و ئازادی و مافەکانی بونیاد نراوە. لە سیستمی فکریی فاشیستی ئێرانیدا لووتکەی شۆڕشگێڕی "گوڵشیفتە فەراهانیـ"ـیە کە بە دەرخستنی ئەندامی مێیینەی خۆی ئاڵای شۆڕشگێڕیی بەرز کردووەتەوە، بەڵام لە سیستمی هزریی کورددا هەزاران پێشمەرگە و شەڕڤانی ژن و پیاو هەن کە بۆ چەسپاندنی کەرامەتی ئینسانی و ئازادیی مرۆڤ دژی تاریکی و داگیرکاریی وڵاتیان شۆڕش دەکەن.

مرۆڤایەتی دەبێ هەوڵ بدات فاشیزمی ئێرانی بڕووخێنێت چونکە سەنگەرێکە بۆ بەرهەمهێنانی ڕق و دوژمنایەتی و زوڵم و زۆر، سەنگەرێکە بۆ داهاڕینی چەند شارستانییەت و زمانی مەزن کە ئەمانە خۆیان سامانی نەتەنیا ئەو نەتەوانەن بەڵکوو سامانی تەواوی مرۆڤایەتین.

- تاکی کورد و ڕووناکبیری کورد بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی فاشیزمی ئێرانی چ ئەرکێکی لە ئەستۆیە؟ چی نەکراوە و پێویستە چی بکرێت؟

تاکی کورد لە هەنگاوی یەکەمدا پێویستی بە زانستی سەردەم لە هەموو ڕەهەندەکاندا هەیە. پێویستە سەرەتا خۆی و داخوازییەکانی بناسێت و پاشان هەنگاوی گونجاو بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیشی بنێت. ناکرێت بۆ دەرمانکردنی کۆرۆنا و ئایدز و شێرپەنجە حەبی پاڕاسیتامۆڵ بخۆیت و چاوەڕێی چاکبوونەوەش بکەیت.

سەرەتا دەبێ ئێمە ئەم پرسیارانە لە خۆمان بکەین ئێمە کێین؟ چیمان لەم دنیایەدا دەوێت؟ مافەکانی ئێمە کامانەن؟ ئایا بڕوامان بە بوونی وڵاتێک بە ناوی کوردستان هەیە؟

ئەگەر خۆمان بە کورد دەزانین کەواتە وڵاتێکیشمان هەیە ناوی کوردستانە، ئەگەر خۆیشمان بە مرۆڤ بزانین کەواتە دوژمن پێی خۆش بێت یان نا مافی چارەی خۆنووسین و مافی ئازادی و سەروەریشمان هەیە. ئیتر پێویست بە پێچ و پەنا و "ئەوەندەمان پێ دەکرێت" و " سیاسەت ئەمری واقیعە و..." ناکات.

ڕۆشنبیری کورد لەم کات‌وساتەدا ڕۆڵی زۆر گرینگە، بەڵام کام ڕۆشنبیر؟ ڕۆشنبیری شۆڕشگێڕ.

بەڵام ڕۆشنبیری شۆڕشگێڕ کێیە؟ ڕۆشنبیری شۆڕشگێڕ هەر وەکوو هەموو تاکێکی شۆڕشگێڕی تر دەستی لە هەموو تەعەلۆقاتی دنیا بەرداوە بۆ ئامانجی ڕزگاریی خاک و نەتەوەکەی. ڕۆشنبیری شۆڕشگێڕ هەموو زانستی دنیا ژێروژوور دەکات بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارە و تێئۆرییەکی زانستی بۆ بەهێزکردن و پڕچەککردنی نەتەوەکەی بۆ ڕزگاربوون لە دۆخی کۆلۆنیالیسم. ڕۆشنبیری شۆڕشگێڕ سەربەخۆیانە و بەبێ پاشکۆیی لە ئەدەبیاتی ڕۆشنبیرانی داگیرکەر، هزری بەرزەفڕی فەلسەفیی گەنجانی نەتەوەکەی بەرز دەکاتەوە و ورەیان پێ دەبەخشێت. ڕۆشنبیرانی نیشتمانپەروەر و دڵسۆز دەتوانن تێڕوانینی فەلسەفیی تاکی کورد بگۆڕن و هزری شۆڕشگێڕی و "نا" وتن بە داگیرکەری پێ ببەخشن.

لە پاڵ ڕۆشنبیری شۆڕشگێڕدا ڕۆشنبیری خەمخۆریشمان هەیە، ڕۆشنبیری خەمخۆر تەعەلۆقاتێکی کاری و مادی و یان... هەیە و تەنانەت مووچەخۆری داگیرکەریشە بەڵام هەست و ڕۆحی لەگەڵ ژانەکانی نەتەوەکەیدایە.

لە پاڵ ئەمانەشدا جاشبیرەکانمان هەن کە ئەوانە حیسابیان جیایە و پاشکۆی هزری داگیرکەرن و بە تێڕوانینی داگیرکەر دنیا دەبینن و هەوڵی دەستەمۆکردن و کوژاندنەوەی ئاگری شۆڕشی نەتەوەکەیان دەدەن.

دەبێ ئێمە ئەدەبیات و هزری ڕۆشنبیرانی شۆڕشگێڕ بگوازینەوە نێو کۆمەڵگا و کۆمەڵگا بەو هزرەوە وریا بکەینەوە.

خاڵێکی دیکە کوردانی تاراوگە و حیزبەکان پێویستە لە بیری دروستکردنی ناوەندێکی فکریدا بن وەکوو ژووری فکری کە ڕێبەرایەتیی چەندین گرووپی دیکە بکات (وەکوو گرووپی سایبێری، گرووپی لێکۆڵینەوە، گرووپی تێئۆریک، گرووپی دۆزینەوەی هەڵکەوتەکانی کورد و یارمەتیدانیان بۆ ئەوەی لە زانکۆیەکی باشدا بخوێنن و...) و هەر کام لەو گرووپانە ڕەهەندێکی دیاریکراو بگرنە ئەستۆ و بەوردی کاری لەسەر بکەن. تورک و فارسەکان بە سەدان ناوەند و گرووپی لەو چەشنەیان هەیە.

هەمووی ئەو شتانە کە تا ئێستا باس کراوە بەبێ هێزی چەکداری ڕاهێنراو کاریگەرییان نابێت.

خاڵێکی زۆر گرینگ کە زۆر بە کەمی دەستی بۆ دەبرێت ئابوورییە، هێزی ئابووری سەرچاوەی تەواوی هێزەکانی دیکەیە. بەبێ پارە چۆن دەتوانیت تەنیا لەسەر هەست و سۆز سیاسەت بکەیت؟ بەبێ پارە چۆن دەتوانیت چەکوچۆڵی باشت هەبێت؟ بەبێ پارە چۆن دەتوانیت ڕێکخستن بکەیت؟ بەبێ پارە چۆن دەتوانیت ڕاگەیاندنی بەهێزت هەبێت؟ بەبێ پارە چۆن دەتوانیی هێزی سەربازیت هەبێت؟ بە کورتی بەبێ پارە هیچ هێزێک بوونی نییە. دەبێ ڕۆشنبیرانی کورد بیر لە سەرچاوەی ئابووریی بەهێز بکەنەوە بۆ نەتەوەی کورد بۆ ئەوەی بتوانن کاری بەهێزی پێ بکەن.

- میدیای کوردی بۆ "ناسیۆناڵیزمی کوردی" و دژایەتیکردنی "فاشیزمی ئێرانی" چۆن جووڵاوەتەوە؟ چیی نەکردووە و دەبێ چی بکات؟

باسی میدیای کوردی باسێکی زۆر گرینگ و هەستیارە. ئێمە لە بابەتی میدیاییدا بەنیسبەتی بەرانبەرەکەمان زۆر لاواز دەرکەوتووین.

میدیا دەبێ هەم لە ڕووی چەندایەتی و هەم لە ڕووی چۆنایەتییەوە کوالێتیی بەرزی بێت. میدیای بەهێز پێویستی بە دەستەیەکی بەڕێوەبەری پڕۆفێشێناڵ هەیە کە لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکاندا لە بابەتی میدیاییدا ڕاهێنرا بێت. چونکە ئێمە خۆمان خاوەنی زانکۆی بەهێز نین تا بتوانین هێزی مرۆیی پڕۆفیشیناڵ بەرهەم بهێنین. وەکوو "یۆڤاڵ نووح هێراری" دەڵێت: "ئەگەر پێشکەوتنی مرۆڤ تا پەنجا ساڵی داهاتوو بەم شێوازە بڕوات، زۆرێک لە ئیشوکارەکان نامێنن بۆ نموونە بەهۆی دروستکردنی سەیارەی زیرەکەوە ئیشی سەیارە لێخوڕین نامێنێت، هەروەها لەنێوان وڵاتە پێشکەوتووەکان و وڵاتە دواکەوتووەکانیشدا بە ڕادەیەک جیاوازی دروست دەبێت کە مرۆڤایەتی دەکەوێتە مەترسییەوە".

ئێستا پرسیار لە خۆمان بکەین ئێمە لە کام بەشی دنیاداین؟ دیارە لە ناوچەیەکی لە سەداسەد دواکەوتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە وڵاتمان دابەش کراوە لەنێوان چوار وڵاتی دواکەوتوو و سێ نەتەوەی تا سەر ئێسقان فاشیستدا، ئایا بەم کەرەستانەی کە ئێستا لەبەر دەستماندایە دەتوانین شەڕی دوژمن بکەین؟ بێگومان نا. ئێستا لە باشووری کوردستان دەتوانێم بڵێم دوو کەناڵی بەهێزیان لە بواری چەندایەتی و تا ڕادەیەکی کەمتریش چۆنایەتییەوە هەیە کە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی تایبەتدا کاری میدیایی دەکەن. بەڵام بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێمە خاوەنی تۆڕێکی میدیایی بەهێز و پڕۆفێشێناڵ نین. تۆڕی میدیایی بەهێزیش پێویستی بە پارەیەکی بەهێز هەیە کە دەزانم حیزبەکانی ئێمە لەبەر دەستیان نییە. سەرەتا دەبێ و دەبا بیر لە سەرچاوەی ئابووری بکرایەتەوە. هیچ هەنگاوێک بەبێ پارە ناهاوێژرێت.

میدیای کوردی زۆر جار لە بازنەی فاشیزمی ئێرانیدا چالاکی دەکات، زۆر جار بە خۆی نازانێت خەریکی ئەستوورکردنی زەنجیرەکانی کۆلۆنیالیسمە. هەر وەک چۆن پێویستمان بە ڕۆشنبیری شۆڕشگێڕە پێویستیشمان بە میدیا و میدیاکاری شۆڕشگێڕە، ئەدەبیاتی میدیای شۆڕشگێڕ بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ و بەبێ خاتروختوری کەس خزمەت بە هزری نەتەوەیی و نیشتمانی دەکات.

لە کاری میدیاییدا کورد پێویستە فیلمی تایبەتی خۆی هەبێت و هەر وەکوو چۆن تورک و فارس شوناسی بەرهەمە هۆنەرییەکانیان دیارە، دەبێ کوردیش شوناسێکی تایبەتی هونەریی خۆی هەبێت.

بابەتێکی تری کاری میدیایی کوردی ئەوەیە بەداخەوە سەد مەخابن لە چوار زاراوەی زمانی کوردیدا تەنیا هەل بۆ سۆرانی و کرمانجی ڕەخساوە و هەورامی و کەلهوڕی- لوڕی بایەخیان پێنەدراوە (هەڵبەت بەشێکی زۆریشی بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە کە چالاکیاین نەبووە یان هەندێجار لە چوارچێوەی پیلانی سپای پاسداراندا چالاکییان کردووە). هەر ئەمەش بووەتە هۆکار کە داگیرکەر بتوانێت لە جیاوازییەکانی نێوان زاراوە کوردییەکان بە قازانجی خۆی کەڵک وەربگرێت، دەبێ ئێمە ئەمانە زۆر بە وریایی و دڵسۆزی پووچەڵ بکەینەوە، ئەوەش ئەستەمە مەگەر نیشتمانپەروەرانی هەموو سووچێکی کوردستان بێنە مەیدان بۆ کاری کۆڕەهەند. دڵسۆزانی کوردستان بە دەنگ و ڕەنگێکی کوردییەوە، خزمەتی هەموو بەشێکی کوردستان بکەن. یەکێک لەو نموونە جوانانە تا ئێستا من دیومە ئەنجومەنی "ڤەژین" لە مەریوانە کە خەریکی خزمەت بە هەموو زاراوەکانە. دەبێ ئەم کارانە پەرەیان پێ بدرێت.

- چ پێشبینییەک بۆ داهاتووی فاشیزمی ئێرانی دەکەن؟

فاشیزم لە هیچ شوێنێکی دنیا سەرکەوتوو نەبووە و سەرکەوتوو نابێت، بەڵام مەسەلەکە ئەوەیە کە تا مردنی فاشیزم چەند زیان بە ئێمە دەگەیەنێت؟ چەندە مێشکی خەڵکمان دەشواتەوە؟ چەند وشە و کولتوورمان دەکوژێت؟

من لە کۆتایی هاتنی فاشیزمی ئێرانی دڵنیام بەڵام ئەوەی دڵگرانم دەکات کەی و چۆنەکەیەتی. ئەوەی دڵگرانم دەکات تا مردنەکەی چەند خوێنمان هەڵدەمژێت؟ چەندە سامانی سروشتیمان لەنێو دەبات؟ چەندە کورد دەکوژێت؟ فاشیزم دەمرێت بەڵام تا کاتی مردنەکەی چەند سەرکەوتوو دەبێت، ڕیشەی دوژمنایەتی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا دروست بکات؟ چەندە لەنێوان زاراوەکانی زمانی کوردیدا ڕق و دوژمنایەتی دەچێنێت؟

فاشیزم دەمرێت بەڵام ئەوان ژێنۆمی کورد لەبەر دەستیانە و تا دڵ حەز بکات بێ ئەخلاقن و ترسی ئەوەم هەیە بە نەخۆشیی جۆراوجۆر و بە لەنێوبردنی توانای زاوزێ کردن و... نەتەوەکەمان کۆمەڵکوژ بکەن. بە سەدان کەس دەناسم ناتوانن زاوزێ بکەن یان یەک منداڵ زیاتریان نابێت، بەڵام هەر وەک خۆتان ئاگادارن بە فەرمانی خامنەیی خەڵک هان دەدەن بۆ ئەوەی منداڵیان زۆرتر ببێت ئایا ئەمە ئەو پرسیارە لە مێشکی خەڵکدا دروست ناکات کە تا کاتێک دەستیان نەوەشاندبوو هانی خەڵکیان دەدا بۆ ئەوەی منداڵیان نەبێت بەڵام ئێستا چونکە دەستیان وەشاندووە بەپێچەوانە داوای منداڵی زۆرتر دەکەن؟

من ترسی خەسارەکانمە کە دەکەوێتە بەر نەتەوەکەمان. فاشیزمی ئێرانی لە ڕووی تێئۆریکەوە لاوازە بەڵام دەسەڵاتی ئابووری و هێزی سەربازیی هەیە و بە چەشنی جۆراوجۆر کەسایەتیی تاکی کورد لە چوارچێوەی وێژمان و ناسیۆناڵیزمی ئێرانیدا دەتوێنێتەوە. هاندان و تەمێ کردن (تشویق و تنبیە) یەکێک لە گرینگترین شێوازەکانە کە نەک لە کۆماری ئیسلامی بەڵکوو لە تەواوی دنیا بۆ لە قاڵب دانی مرۆڤەکان بەکار دەبرێت. ئەم شێوازە لە وڵاتێکی دێموکراتیکدا بۆ خولقاندنی مرۆڤی ئازاد و فرەڕەهەند و بەرپرسیار بەکار دەبرێت، بەڵام لە کۆماری ئیسلامی و کۆی وێژمانی فاشیزمی ئێرانیدا بۆ کوشتنی خواستی ئازادی و بۆ کوشتنی فرەڕەهەندی و بە کۆیلەکردنی مروڤ بۆ تواندنەوە لەنێو ئەو هزرە فاشیستییەدا بەکار دەبرێت.

کێشە جەوهەرییەکە خۆمانین. ئێمە لە بەرانبەر ئەو فاشیزمەدا چیمان کردووە؟ ئێمە دەمانەوێت بە هەست و عاتیفە سیاسەت بکەین و شکست بە داگیرکەر بێنین، ئەوانیش لە بەرانبەردا ساڵانە بە میلیارد چەک ساز دەکەن و هەزاران کەس دەنێرنە وڵاتە ئورووپاییەکان بۆ ئەوەی بتوانن لە بوارە جیاجیاکاندا بۆ پرۆژەکانیان مرۆڤ پەروەردە بکەن.

ڕەنگە پرسیار بکەن بڵێن باشە خۆ کۆماری ئیسلامی لەوپەڕی لاوازیدایە چۆن بەو شێوازە باسی دەکەن؟

لە وڵامدا دەڵێم بە دوو هۆکار:

 یەکەم؛ لە سەرەوە وتم کۆماری ئیسلامی لە بواری تێئۆریک و لۆژیکیدا زۆر لاوازە تەنیا بە زەبری هێزی سەربازی و ئابووری توانیویەتی تا ئەو ڕادەیەش لەنێو خەڵکدا جێی خۆی بکاتەوە. یانێ ئەگەر پارە و چەکەکەی لێ بسێنیت کۆماری ئیسلامی هیچی نییە تا خەڵک شەیدای بێت و بەرەوپیریی بڕوات.

دوو؛ کاتێک باسی فاشیزم دەکەین مەبەست کۆی گشتیی فاشیزمی فارسە نەک تەنیا کۆماری ئیسلامی. هەموو ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی ئێرانن و بەناو خوازیاری ڕووخانی کۆماری ئیسلامین، هەموویان تێئۆرسیەنەکانی فاشیزمی ئێرانین. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین ئەوان زۆر لە ئێمە باشتر کاریان کردووە بۆ بەردەوامیی دۆخی کۆلۆنیالیسم و ئەربابی خۆیان لە جلوبەرگێکی تردا.

- ئەی پێتان وایە "ناسیۆناڵیزمی کوردی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ داهاتوویەکی لە پێشدایە؟

من خۆم ڕام وایە مۆمکین نییە باسی ناسیۆناڵیزمی کورد تەنیا بۆ یەک پارچەی کوردستان بکەین. ناسیۆناڵیزمی کوردی هی هەر چوار پارچەی کوردستانە و باسی وڵاتێک دەکات کە لە چوار لاوە داگیر کراوە. بەڵام وەکوە واقعییەتێک ناسیۆناڵیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بەهێزتر و زۆر کوردانەترە لە پارچەکانی تر. کوردی ڕۆژهەڵات بۆ هەموو پارچەکانی تر قۆربانیی داوە. لەگەڵ خۆشی و ناخۆشیی پارچەکانیتردا بووە. کوردی ڕۆژهەڵات هەندێجار ئەو زیرەکییەشی هەیە کە هەلەکان دەقۆزێتەوە و پاشەکشە بە فاشیزمی ئێرانی دەکات.

بەڵام بەگشتی سەرەتا دەبێ بپرسین ئایا تا ئێستا ناسیۆناڵیزمی کورد سەرکەوتوو بووە لە ئامانجەکانیدا؟ ئەگەر سەرکەوتوو نەبووە هۆکاری سەرنەکەوتنەکانی چین؟ هۆکارەکان دەرەکین و گوشاری دەرەکییە یان نێوخۆیی و هەڵەکانی خۆمانن؟

هیچ پرسێکی سیاسی بەبێ کاریگەریی دۆخی نێوخۆیی و دەرەکی، شرۆڤە ناکرێت. ئەوە گومانی تیا نییە کە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و دۆخی نێودەوڵەتی لەسەر گەلی کورد کاریگەریی هەیە. بەڵام ئەوەی کە زۆرتر لە هەمووی زۆرتر لەتمەی لە کورد داوە خۆیەتی. هێشتا لەسەر ئامانجەکانی ساق نەبووەتەوە. هێشتا هەندێک سنووری بچووک بچووک هەن کە بوونەتە هۆکاری دروست نەبوونی وێژمانێکی بەهێزی نەتەوەیی، کاڵ نەبوونەتەوە. هێشتا دەمانهەوێت بە کەرەستەی سەدەی نۆزدەهەم لە سەدەی بیستویەکەمدا براوەی شەڕ بین. ئێمە دەبێ لە ستراتیژیی نەتەوەییدا خۆمان یەکلا بکەینەوە. کە یەکلا بووینەوە کەرەستەی پێویستیشی بۆ دابین بکەین.

شۆڕشە سەرکەوتووەکان چەند شتیان هەبووە کە دەبێ ئێمەیش بمانبێت:

ــ ستراتیژێکی دیاریکراو کە ئامانجی گشتیی شۆڕشەکەیە.

ــ کۆمەڵێک تاکتیک کە ئەم تاکتیکانە لە کاتی گونجاودا بۆ پاراستنی ستراتیژییەکە هەم دەکرێنە قوربانی هەم بە ئاسانی ئاڵوگۆڕیان بە ەردا دێت.

ــ ڕێبەرییەکی زیرەک و زانا و نەترس و خاوەن پرۆژە.

ــ هێزی مرۆیی ڕاهێنراو لە تەواوی ڕەهەندەکاندا. شۆڕش لە تێئۆرسیەنێکی زانا و لە فەرماندەیەکی سەربازیی چاونەترس و شرۆڤەکارەوە بگرە تا لەشفرۆشێک کە کاری سیخۆڕیت بۆ دەکات پێویستی پێیەتی بە مەرجێک مەبەست لەو ڕۆڵەی کە دەیگێڕێت و مەبەست لەو هەنگاوە کە دەینێت سەرخستنی شۆڕشەکە بێت.

ــ چەکی نوێ بۆ هێزی پێشمەرگە؛ هیچ هێزێک لەسەر گۆی زەویدا نییە کە بەبێ هێزی سەربازی بتوانێت دیپلۆماسیی سەرکەوتوویشی هەبێت. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە بەرچاو بگرن تەنیا گەورە هێزی چوارڕەهەندی دنیایە، ئەگەر هێزی سەربازییەکەی لێ بگریت دەتوانێت کام یەک لە پلانەکانی جێبەجێ بکات؟ جا ئێستا ئەگەر لایەنی بەرانبەرت وڵاتێک بێت کە ئاخێنرابێت لە فاشیزم و توندئاژۆیی مەزهەبی و بە لۆژیکی گولـلە و شمشێر لەگەڵت قسە بکات و ڕێبەرەکەت لەسەر مێزی وتووێژ تێرۆر بکات! ئایا هیچ هیوایەک هەیە کە بە وشە بیهێنیتە سەر قەناعەت کە ڕێز بۆ مافەکانت دابنێت؟ لە بابەتی چەکیشدا دەبێ ئێمەیش ئەوە بزانین کە بە کەڵەشینکۆف ناتوانیت شەڕی فڕۆکە بکەیت، دەبێ گەنجە بە تواناکان هان بدرێت بۆ فێربوونی ئەو زانستە و بەتایبەت دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و... .

ــ هێزی ئابووری، هەروەکوو چۆن پێشتر باسم کرد، سەرچاوەی هەموو هێزەکانی ترە. بەبێ هێزی ئابووری هیچکام لە هێزەکانی ترت بەهێز نابن. ئەگەر ئەم ساڵانە کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە هەر هۆکارێک خەباتی چەکدارییان ڕاگرتبوو، هەوڵیان بدایەت سەرچاوەی ئابووریی بەهێز دروست بکەن ئێستا بەدڵنیاییەوە لە ئورەوپا و ئامریکا خاوەنی چەندین کۆمپانیای مەزن دەبوون کە ساڵانە چەندین ملیۆن دۆلار پارەی دەخستە خزمەت خەباتی ڕزگاریی نەتەوەییەوە. مەخابن ئەو کارە نەکراوە و بە بڕوای من دەبێ هەرچی زووتر دەست پێبکات.

ــ کاری میدیایی و پڕوپاگەندە یەکێک لە پێویستیەی هەرە بنەڕەتییەکانی هەر شۆڕشێکە. پڕۆپاگەندە زانایی و زیرەکیی دەوێت و دەبێ چەندین پسپۆڕی تایبەت بە شرۆڤەی ناوەڕۆکت هەبێت (تحلیل محتوا) بۆ کاریگەربوونی پەیامەکانت و هەروەها بۆ شیکردنەوەی ناوەڕۆکی پەیامەکانی دوژمنەکەت.

ئەگەر کەموکۆڕییەکانمان کەم بکەینەوە مادەم نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تینووی ئازادی و کۆتایی هاتنی کۆیلایەتین، ناسیۆناڵیزمی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەنیسبەت پارچەکانی تر سەرکەوتووتر دەبێت.

لە کۆتاییشدا ئەوە بڵێم کە دەبێ ئێمە بەردەوام بە چاوی ڕەخنەگرانە و گلەییەوە سەیری خۆمان بکەین بۆ ئەوەی باشتر هەنگاو بنێین، چونکە ڕووی خەباتی ئێمە بەرەو پێشە و ئازادی و دێموکراسی و مافی مرۆڤ کۆتا ئامانجی ئێمەن، هەر بۆیە دەبێ بەو کاراکتەرەیشەوە پێشوازی لە ڕەخنەی دڵسۆزانە بگرین.