کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژ، هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر ڕێژیمی ئێراندا ناهێنێت

12:55 - 20 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی لێکۆڵینەوەی شۆرای سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا، باسی لەوە کردووە، کە لە ڕێگای وتووێژەوە، هەڵسوکەوتە نەشیاوەکانی ڕێژیمی ئێران گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت.

ناوندی لێکۆڵینەوەی شۆرای سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لەسەر ڕێژیمی ئێران جەختی کردەوە، کە گۆڕینی هەڵسوکەوتە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای وتوویژەوە خەیاڵپەروەرییە و داوای کردووە کە هەوڵی جیددی لە هەمبەر ڕێژیمی ئێران بدرێت.

لەم ڕاپۆرتەدا داوا لە "دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ئامریکا کراوە، کە کاتی خۆی بۆ وتووێژکردن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بەفیڕۆ نەدات، چونکە هەڵسوکەوتەکانی ئەو ڕێژیمە هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نایەت.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی شۆرای سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا، جەختی کردەوە، کە لە سەردەمی سەرکۆماریی "جۆرج بووش" و "باراک ئۆباما"دا، سەرەڕای وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، نەیانتوانی گۆڕانکارییەک بەسەر ئەو ڕێژیمەدا بهێنن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئامریکا بەخۆڕایی هەوڵ دەدات لە وڵاتێک کە لە ژێردەستی ڕێژیمێکی ئیدئۆلۆژیک و توندڕۆدایە کەسانێکی میانەڕەو بدۆزێتەوە، چونکە دەسەڵاتی سەرکۆمار لە ئێراندا لەژێر ڕکێفی ڕێبەریی ڕێژیمی ئێراندایە و دەسەڵاتداری ڕاستەقینەی ئەو وڵاتەیە.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی شۆرای سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا، سەرەڕای ئەوەی کە وڵاتی ئێرانی بە وڵاتێکی نادێموکراتیک ناو بردووە، بە ڕێژیمێکی هێرشبەر و پاوانخواز بە ئامانجی ئینقلابییشی زانیوە، کە بە دوای پەرەپێدان و داسەپاندنی ئیدئۆلۆژیی ئایینیی خۆی لە ناوچە و دەرەوەی ناوچەکەدایە.

ئەو ناوندە، هەوڵە تێکدەرانەکان و ئاژاوەگێڕییەکانی ئەو ڕێژیمەی بە نیشانەی جەوهەری ڕێژیمی زاڵ بەسەر ئێراندا وەسف کردووە و لەسەر پێویستیی ڕووخانی ئەو ڕێژیمە بە مەبەستی گۆڕانکارییەکی شیاو و گونجاو جەختی کردووەتەوە.