کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژی سیاسی یان سیاسەتی وتووێژ

19:29 - 7 خەزەڵوەر 2718

عەلی سۆرانی

سیاسەت لە ساکارترین و لەوانەیە باوترین پێناسەیدا بریتییە لە زانست و هونەری مومکین بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، لێرەدایە کە وتووێژ و دیالۆگ وەک ئەسڵێک لە ناخی کۆمەڵگادا ڕەچاو دەکرێت بەڵام ئەم ئەسڵەش کۆمەڵێک پڕەنسیپی هەیە کە لە دووتوێی وتووێژی سیاسی یان سیاسەتی وتووێژ ڕەنگ دەداتەوە، واتە هەندێک جار ڕووداوێکی سیاسی یاخود دەسکەوتێک و هەلومەرجێک کە سیاسەت پاشخانیەتی دەبنە هۆکاری وتووێژ؛ بۆ وێنە ئەو دانیشتنانەی لەسەر پرسی سووریە و بە بەشداری وڵاتانی ناوچەیی و بانناوچەی بەڕێوە دەچێت ئەنجامی ڕووداوێک و دەرفەتێکی سیاسییە کە هەموو وتووێژەکان بە ئاقاری سیاسەتدا دەبات. هەندێک جاریش وڵاتان یان لایەنەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان سیاسەتی وتووێژ بەکار دێنن وەک ئەو وتووێژانەی کە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک دێتە ئاراوە.

زۆر جار دوژمنانی نەتەوەی کورد لە وتووێژ وەک کارتێکی سیاسی و لە هەمانکاتدا کوشندە بە دژی ئەم نەتەوە کەڵکیان وەرگرتووە و ئەم سیاسەتە لە وتووێژدا لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەرچاو دەکەوێت. بە تایبەتی دەسەڵاتدارانی ئێرانی چ شا و چ ئاخووند لەم حەربەیە وەک پیلانێک بۆ زەربەلێدان لە بزووتنەوەی کورد بەکاریان هێناوە. سمایل ئاغای سمکۆ بە پیلانی وتووێژ شەهید دەبێ، شەهید قاسملوو هەر بەم پیلانە شەهید ئەبێ و شەهید شەرفکەندی لە کاتی دانووستاندا هێرش دەکرێتە سەری و شەهید ئەبێت، بۆیە لێرەدا نیازی وتووێژ زەق دەبێتەوە کە ئامانج و هۆکارەکانی وتووێژ دەسنیشان و ڕوون دەکەنەوە.

مەبەستی من لەم کورتە نووسراویە ئەوەیە کە بڵێم ئایا ئێمە وەک کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کە خاکمان داگیر کراوە و لە لایەن دوژمنانمانەوە بە بیانووی وتووێژ زەربەی قورسمان بەرکەوتووە، دەتوانین دیسان پشت بە دیالۆگ و وتووێژ بۆ چارەسەری پرس و داخوازییەکانمان ببەستین؟ ئایا دوژمنێک کە هەموو هەوڵی تواندنەوە و ئاسمیلە کردنی نەتەوەکەمانە و لە هیچ زەبروزەنگ و کۆمەڵکوژی و ڕەشەکوژییەک سڵ ناکاتەوە و بەپێی مەعریفەی جەوهەرییان هەر باوەڕیان بە نەتەوە نییە و هەمووان وەک ئوممەت پێناسە دەکەن و زمانیان تەنیا زمانی کوشتوبڕ و سڕینەوەیە، ئایا ئامادەیە لە ڕێگەی ئاشتیانەوە داواکارییەکانمان جێبەجێ بکات؟ پێم وایە بە ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە مێژووی وتووێژی نێوان کورد و دوژمنانی کورد بۆمان ڕوون دەبێتەوە لانیکەم لەم سیستمەدا ئەم هیوایەتە بڵقی سەرئاوە.

ڕێژیمێک کە لە بنەمادا لەسەر دژایەتی دێموکراسی و بەرابەری و یەکسانی کۆمەڵایەتی و نەتەوایەتی دامەزراوە، هەرگیز پوتانسیەلی وتووێژی ئاشتیخوازانەی تێدا نییە مەگەر ئەوەیکە لە وتووێژ بۆ کڕینی کات و دەرفەت و زەربەلێدان لە بەرامبەرەکەی کەڵک وەرگرێت.

هەرچەند حیزبی دێموکرات لە هەموو قۆناخ و دەرفەتەکاندا وەک پڕەنسیپێکی دێموکراتیک سەیری وتووێژ و دانووستاندنی کردووە و هەمیشەش ئەو ئامادەییەی تێدا بووە لەم فاکتەرە دێموکراتیکە بۆ بەرەوپێشچوونی بەرنامەکانی کەڵک وەربگرێ، بەڵام بە وەبیرهێنانەوەی مێژووی تاڵی وتووێژ لەگەڵ حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران، هەروەک گوترا لە ئێستادا بە حەزەرەوە سەیری ئەم پرسە دەکات مەگەر ئەوەیکە وتووێژەکان لە وڵاتێکی سێهەم و بە چاوەدێری کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بەڕێوە بچێت. دیارە ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی تووشی وەها کرانەوەیەک بووبێ کە چیدیکە لە وتووێژ بە مەبەستی کارە ئەهرێمەنییەکانی کەڵکئاژۆ وەرنەگرێت. دیارە ئەم خاڵەش بە سەرەنجدان بە چییەتی کۆماری ئیسلامی لە نێوەڕۆک بەتاڵە و تەنانەت ئەگەر کۆماری ئیسلامی پەنا بۆ وەها فاکتەرێ ببات کاتییە و بۆ پاشەکشەکردنی بە گوشارەکانی ڕۆژئاوا و وڵاتانی ناوچەیە و هەرگیز کورد لەم بەستێنەدا شتێکی دەس ناکەوێ و زیاتر لەوەیکە ئەکتەر بێت گەمەی سیاسیی لەگەڵدا دەکرێ.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.