کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژە ناوکییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا لە دۆحە بەبێ ئاکام کۆتایی پێ هات

18:54 - 8 پووشپەڕ 2722

هەواڵدەریی ''تەسنیم'' نزیک لە سپای پاسداران لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژە ناوکییەکانی ئێران لە قەتەر نووسیویەتی، ئەو گفتۆگۆیانە کاریگەرییەکی لە لابردنی بنبەستی وتووێژەکان نەبووە و بەئاکامێک نەگەیشتووە.

ئەو هەواڵدەرییە نووسیویەتی کە دانیشتنی ''عەلی باقری'' بەرپرسی تیمی وتووێژی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ''ئینریکە مورا'' جێگری سیاسەتی دەرەوەی ئورووپا لە قەتەر کۆتایی پێ هات.

ئەو خولە لە وتووێژەکان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئامریکا بەڕێوە چوو و یەکیەتیی ئورووپا ڕۆڵی نێوبژیوان و ڕاگواستنی پەیامی هەبووە.

هەواڵدەریی ''تەسنیم'' نووسیویەتی کە بەهۆی داکۆکیی ئامریکا لەسەر هەڵوێستی خۆی، دانیشتنی دۆحەش کاریگەرییەکی لەسەر لابردنی بنبەستی وتووێژەکان نەبووە.

وا دێتە بەرچاو ڕێژیمی ئێران دوای چەندین گەرەنتی وەکوو لابردنی ناوی سپای پاسداران لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکان دەکات کە ئامریکا ئامادە نییە قەبووڵی بکات.

پێشتر وتووێژە ناوکییەکان لە چەندین خولدا لەنێوان ڕێژیمی ئێران و وڵاتانی ٤ کۆ ١ لە ڤییەن بەڕێوە چووبوو کە تووشی بنەست هاتبوون.