کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژەکانی ڤییەن بۆ جارێکی دیکە ڕاوەستا

12:10 - 9 رێبەندان 2721

وتووێژەکانی ڕێککەوتنی بەرجام جارێکی دیکە ڕاگیرا و بەڕێوەبەری ئەو وتووێژانە ڕایگەیاندووە کە هەیئەتەکان بۆ ڕاوێژ و ڕێکاری دیکە لە ڕاستای بڕیاراتی سیاسی بۆ ماوەی چەند ڕۆژ دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.

''ئێنریکە مورا'' هاوئاهەنگەری وتووێژەکان بە ئاماژەدان بەوەیکە ئێستا پێویستیی بە بڕیاراتی سیاسییە، لە توویتێکدا نووسیویەتی کە هەیئەتەکان دوای ڕاوێژ و وەرگرتنی ڕێکار حەوتووی داهاتوو لە پێتەختی خۆیان دەگەڕێنەوە بۆ ڤییەن هەتا خوڵی هەشتەمی وتووێژەکان کە تا ئێستا درێژترین خول بووە، درێژە پێ بدەن.

هاوکات تیمی وتووێژی سێ وڵاتی ئورووپایی لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندووە کە وتووێژەکانی ڤییەن لە حاڵی گەیشتن بە قۆناغی کۆتاییە و پێویستیی بە بڕیاراتی سیاسییە.

بەو حاڵە لایەنەکانی ئورووپایی وێڕای ئامریکاییەکان بەردەوام سەبارەت بە لاوازیی پێشوەچوونەکان رەخنەیان گرتووە و هۆشدارییان داوە.

شەش خول لە وتووێژەکانی بەرجام لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ کە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ئێران ڕاگیرا و دوای دەستنیشانکردنی ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' پاش چەندین مانگ خولی حەوتەم و هەشتەمی وتووێژەکان دەستی پێکردەوە.