کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیدعای میدیاکانی ڕێژیمی ئێران بە درۆ خستەوە

13:59 - 25 خاکەلێوه 2721

"جوتیار عادڵ" وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەنگۆی هێرشکردنە سەر دەزگایەکی هەواڵگریی ئیسرائیلی لە هەرێمی کوردستان ڕەت کردەوە.

ڕۆژی ڕابردوو چەند میدیایەکی ڕێژیمی ئێران هەواڵی "هێرشکردنە سەر بنکەیەکی هەواڵگریی ئیسرائیل لە باکووری عێراق" بڵاو کردبووە و دواتر ئەو هەواڵە لەلایەن وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕەت کرایەوە.

"جووتیار عادڵ"، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەوە ڕایگەیاندووە: "ئەو ھەواڵە سەرلەبەری دوورە لە ڕاستییەوە، هەر وەک چۆن لە ڕابردووشدا چەندین جار ئەو جۆرە تۆمەتانەیان ئاراستە کردووین بەوەی بنکەیەکی دەزگای ھەواڵگریی ئیسرائیل لە کوردستانە".

وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردووەتەوە: "ئێمە پێمان وایە ئەو ھەواڵ و تۆمەتە بێ بنەمایانە مەبەستدارە و تەنیا ئامانجیان پیلانگێڕییە بەرامبەر بە ھەرێمەکەمان".

ژمارەیەک میدیای سه‌ر به‌ كۆماری ئیسلامیی ئێران، ھەواڵێکیان بڵاو کردبووە کە گوایە بنکەیەکی ناوەندی زانیاری و چالاکیی دەزگایەکی ھەواڵگریی ئیسرائیلی لە ھەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانج و چەند کارمەندێکی ئەو بنکەیە کوژراون و بریندار بوون.

ئه‌و هه‌واڵه‌ ناراستانه‌ دوای ئه‌وه‌ بڵاو كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ بنكه‌ی ناوكیی ئێران له‌ نه‌ته‌نز، به‌ شێوه‌یه‌ک كه‌ گومان ده‌كرێ كاری ئیسراییل بێ، زه‌ربه‌ی لێ دراوه‌ و به‌ وته‌ی به‌رپرسی كۆمیسیۆنی وزەی مه‌جلیسی ڕێژیمی ئێران زۆربه‌ی ده‌زگای سانتریفیوژه‌كانی له‌نێو براون.

شاره‌زایان پێیان وایه‌ ڕێژیم له‌و هێرشه‌ی كراوه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌ی ناوكییه‌كه‌ی هه‌م له‌ بواری نیزامی و هه‌م له‌ بواری ئه‌منییه‌تی و هه‌م له‌ بواری ئێعتباری سیاسییه‌وه‌ زه‌ربه‌ی قورسی بەر كه‌وتوه‌ و بۆیه‌ هه‌واڵی درۆ بڵاو ده‌كاته‌وه‌.