کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەبێژی حیزبی دێموکرات: ئەم حەرەکەتەی خەڵک بە ڕەوا دەزانین

12:19 - 26 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند کە ئێمە پشتیوانی لەو حەرەکەتەی خەڵک دەکەین و ئەو بڕیارەی ڕێژیم هیچ جۆرە تەبایی لەگەڵ ژیان و گوزەرانی خەڵک نییە.

"حەسەن شەرەفی"، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێكدا لەگەڵ کاناڵی تەلەفیزیۆنیی "تیشک" باسی لەوە کردووە: "ئێمە پشتیوانی و پشتگریی تەواوی خۆمان لە خۆپیشاندانەکانی خەڵک کە لە زۆربەی شارەکاندا هاتووەتە ئاراوە، دەردەبڕین".

وتەبێژی حیزبی دێموکرات سەرخۆشی حیزبی دێموکراتی بە بنەماڵەی شەهیدانی ئەو حەرەکەتە ڕاگەیاند و هیوای چاکبووەنەوەی بۆ بریندارەکانی ئەو حەرەکەتە خواست.

"شەرەفی"  ڕایگەیاندووە: "زۆر ئاشکرایە ئەگەر خەڵک ناڕەزایەتییان دەرنەبڕیبا ڕێژیم لە گوشارهێنانی زیاتر بۆ سەر خەڵک بەردەوام دەبوو".

ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیشیدا جەخت کردەوە، ئێمە هیوادارین ئەو حەرەکەتە، حەرەکەتێک بێت کە ئیرادەی خەڵک بەسەر نەفسی ئەو ڕێژیمەدا زاڵ بکات.