کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەبێژی دەوڵەتی ڕووحانی: بەهۆی کۆرۆناوە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس بێکار بوونە

12:12 - 11 رەزبەر 2720

"عەلی ڕەبیعی" وتەبێژی دەوڵەتی ڕووحانی بەنیسبەت بێکاربوونی خەڵکی ئێران بەهۆی کۆرۆناوە وتوویەتی: "بەهۆی کۆرۆناوە زیاتر لە یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار پیشە لە ئێران زیانیان پێگەیشتووە و زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کەسیش بێکار بوونە".

ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی ڕەزبەر، "عەلی ڕبیعی" وتەبێژی دەوڵەتی ڕووحانی وتوویەتی: "ئێمە لە دابەزینی نرخی بێکاری تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووینە و بۆ ساڵی داهاتوو بڕی ٢١ هەزار ملیارد تمەنمان تەرخان کردووە بۆ ڕەخساندنی ٣٥٠ هەزار هەلی کار لە ئێراندا".

ئەو قسانەی "ڕەبیعی" لە کاتێکدایە کە پێشتر ڕێکخراوی بەرنامە و بودجە ڕایگەیاندبوو، لە ماوەی ٧ ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتی "ڕووحانی" نەیتوانیوە نرخی بێکاری بکاتە یەک ژمارەیی و هەر لە ١٠ لەسەددا ڕاوەستاوە.

لە یاسای بەرنامەی شەشەمی گەشەپێدانی بەرنامە و بودجەدا هاتووە، ئەگەر بیانهەوێت نرخی بێکاری هەر ساڵە ٠.٨ لەسەد دابەزێنن، پێویستە ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن هەلی کار دابین بکەن.