کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەبێژی وەزراتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران هێرش دەکاتە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان

18:04 - 23 رەشەمه 2721

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕەشەمە "سەعید خەتیب زادە" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە لێدوانێکدا سەبارەت بە هێرشی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ سەر شاری هەولێر وتوویەتی جێگای قەبووڵکردن نیە کە عێراق ببێتە ناوەندێک بۆ هەڕەشە بۆ سەر ئێران.

ناوبراو وتوویەتی تا ئێستا چەندین جار هۆشداریمان بە دەوڵەتی عێراق لەبابەت نائەمنبوونی سنوورەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئێران داوە.

ناوبراو، ئیسرائیل و حیزبەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێرانی بە سەرچاوەی دروستکردنی "نائەمنی" بۆ ئێران لەو وڵاتەوە تۆمەتبار کرد.

سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران دوای هێرشی مووشەکی بۆ سەر شاری هەولێر ئیدعای کرد کە بنکەیەکی ئیسرائیلی لە نزیک ئەو شارە کردووەتە ئامانج کە دواتر بەرپرسانی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو ئیدعایەی سپای پاسدارانیان ڕەت کردەوە.

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق ئەو هێرشەیان مەحکووم کرد و باڵوێزی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بەو هێرشە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشت کرا.