کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەبێژی ڕێژیم وتوویەتی، ئەگەر دابڕگە درێژەی هەبێت ٤ ملیۆن کەس بێکار دەبن

12:30 - 24 خاکەلێوه 2720

وتەبێژی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، بەهۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و لێکەوتەکانی ئەم نەخۆشییە، چەندین ملیۆن کەس مەترسیی بێکاری و دەرکردن لە سەرکاریان لەسەرە.

''عەلی ڕەبیعی''، وتەبێژی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، لە ئەگەری داخرانی بازاڕ و ڕاوەستانی پیشەکان، لە ماوەیەکی درێژخایەندا ڕێژەی بێکاربووان دەگاتە زیاتر لە ٤ ملیۆن کەس.

ناوبراو وتوویەتی، لەم ماوەیەدا زیاتر لە ملیۆن و نیوێک کارگەی فەرمی و نافەرمی، کار و چالاکییەکانیان ڕاوەستاوە.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم باسی لە ڕاپرسیی "ئیسپا" بەنیسبەت توانای بنەماڵەکان لە تاران بۆ بژێویی ژیانیان کردووە.

لەو ڕاپرسییەدا، بەشداربووان لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئەگەر بەهۆی کۆرۆنا داخرانی شارەکان درێژە بکێشیت، هەتا چ کاتێک کێشەتان نابێت، ٣٤ لەسەد وتوویانە: ''ئێستاش ناتوانیین'' و  ٣٥ لەسەدیش وتوویانە: "یەک هەتا دوو مانگ".

"ڕەبیعی" بەپێی ئاماری ئەو ڕاپرسییە وتوویەتی، ٧٨ لەسەد کە بە توێژی بێدەنگ دەناسرێن، لە دۆخێکیدا کە جیگای مەترسی و نیگەرانییە، ژیان بەسەر دەبەن.

هەروەها، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی خاکەڵێوە، ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا بەنیسبەت تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا  باسی لەوە کردبوو کە لە ساڵی ٩٩ی هەتاویدا، ئێران تووشی بەرەنگاری لەگەڵ تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی دەبێت.

هەروەها ئەو ناوەندە هۆشداریی دابوو کە لە ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی خەڵک، تەواوییەتی ڕێژیم لە بواری ناکارامەییەوە دەکرێتە ئامانج.