کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەبێژی کۆشکی سپی: ئێمە ئێران بە بەرپرسی هێرشەکان لە ناوچەکەدا دەزانین

16:42 - 7 رەشەمه 2720

''جێن ساکی'' وتەبێژی کۆشکی سپی لە وڵامی هێرشی ڕاکێتی لە عێراق وتوویەتی: ''ئێمە ئێران بە بەرپرسی هێرشەکان لە ناوچەکەدا دەزانین".

ناوبراو وتوویەتی: ''ئێمە بەپێی کات و لێکدانەوەکانی خۆمان وڵامی ئەو هەوڵانە دەدەینەوە".

"ساکی" باسی لەوە کردووە کە وڵامی ئامریکا بە چەشنێک دەبێت کە لە پەرەگرتنی گرژییەکان بە شێوەیەک کە بە قازانجی ئێران بێت، پێشگیری دەکات.

هەروەها ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەمە "نێد پرایس" وتەبێژی کاروباری دەرەوەی ئامریکا وتبووی، لە هێرشەکانی پێشوودا لە عێراق لە چەکوچۆڵی دروستکراوی ئێران کەڵک وەرگیراوە و واشنتۆن، تاران بە بەرپرسی هێرشی میلیشیاکان لە عێراق دەزانێت کە دژی ئامریکاییەکان ئەنجامی دەدەن.

لەم چەند ڕۆژەی دواییدا لەلایەن گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران هێرشی مووشەکی کرایە سەر هەولێر کە یەک کوژراو و ٩ برینداری لێکەوتەوە، هەروەها ناوچەی سەوزی بەغدا کرایە ئامانجی ئەو هێرشانە.

ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ٤٠ سێناتۆری ئامریکا لە بڕیارنامەیەکدا داوایان کردووە کە دەبێ هەتا ئەو کاتەی کە ئێران لە ئامانجە ناوکییەکان و پشتیوانی لە ئاژاوە و کردەوە تێرۆریستییەکان دەست هەڵنەگرێت، گەمارۆکان وەکوو خۆیان بمێننەوە.