کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وردەکاریی نهێنی لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئێران لەلایەن دەزگا سیخورییەکانی ڕۆژئاواوە ئاشکرا کرا

13:10 - 3 خاکەلێوه 2721

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی بەرپرسانی دەزگا ئیتلاعاتییەکانی ڕۆژئاوا، ڕێژیمی ئێران کەرەستەکانی پۆمپاژ، سانتیریفیوژ و کەرەستەی پیتاندنی ئورانیۆم کە بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی کەڵکیان لێ وەردەگیرێت لە پشکێنەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی شاردووەتەوە.

بەپێ ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ''دێیلی تێلیگراف''ـی بریتانیا، بەرپرسێکی باڵای ئیتلاعاتی ڕۆژئاوا وتبووی کە ڕێژیمی لایەنەکانی ڕاستەقینەی بەرنامەی ناوکی خۆی لە جیهانی دەرەوە دەشارێتەوە و ئەمە نیشان دەدات کە ڕێژیمی ئێران بەنیازی ئەوە نییە پێبەندی بەڵێنییە نێونەتەوییەکان بێت.

هاوکات ''ڕافائێل گروسی'' بەرپرسی گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە وتووێژێکدا وتوویەتی: ''ڕێککەوتنی کۆنی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران مردووە''.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە پێشێلکارییە بەردەوامەکانی بەڵێنییەکانی بەرجام لەلایەن تارانەوە، گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی ڕابردووی دژوار کردووە.

پێشتریش بەرپرسانی ئامریکایی لەوبارەوە وتبوویان، مەرجی گەڕانەوەمان بۆ بەرجام، پێبەندبوونی ڕێژیمی ئێران بە خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنەیە.