کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وردەکارییەکانی دانیشتنی وییەن بووە هۆی نیگەرانیی \"دلواپسان\"

21:55 - 27 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: ئاشكراكردنی بەندەکانی رێککەوتنی وییەن لەمەڕ دۆخی سووریا، گرووپەکانی ناسراو بە دلواپسانی لەمەڕ قبووڵکردنی شکستێکی دیکە دوای جامی ژەهری ناوکی تووشی نیگەرانی کردووە.

لەو پەیوەندییەدا، ماڵپەڕی صراط نیوز وێرای ئاماژە کردن بە هێندیک لە بەندەکانی دوو دانیشتنی وییەنی ١ و ٢ کە وەفدێکی رێژیمی ئێرانیش تێیاندا بەشدار بووە، باسی لە دووپاتبوونەوەی ئەزموونی دانیشتنەکانی ئاشتیی دەیتۆن لە پەیوەندی لەگەڵ دۆخی بۆسنی و هیرزێگۆبیندا کردووە و بە نیسبەت ئەوەی کە بە هێرزێگۆيینیزەكردنی سوریا و وەلانانی کۆماری ئیسلاميی ئێران لە هاوکێشەکانی داهاتووی سووریا ناوی هێناوە، هوشداری داوە.

ئەو سەرچاوە هەواڵەی گرێدراوی رێژیم لە شرۆڤەی خۆیدا بۆ ئەم بەندەی دانیشتنی وییەنی ١ کە دەڵێ : داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە دەبێ شەل و پەت بکرێن بە پەرۆش بووە و دەنووسێ: هەموومان دەزانین كە حیزبوڵڵای لوبنان، هێندێک لە گرووپە جیهادییەکانی عێراقی بەشدار لە شەری سوریا و سەردار قاسم سلێمانی لە لیستی تیرۆریستيی ئەمریکادان.

لەبەشێکی دیکەی ئەو شرۆڤەیەدا، ئاماژە بە بەندی راگەیاندنی ئاگربەس لە سوریا کراوە و دەپرسێ : ئایا بەو واتایە دێت کە چالاکییەکانی حیزبوڵڵا و راوێژەکانی سوپای پاسداران و بەسیج بە ئەرتەش و هێزە خەڵکییەکانی سوریاش رابگیرێت؟ هەروەها ئایا ئەم ئاگر بەسە بە واتای قبووڵکردنی حزووری دژبەرانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد لە چەندین بەشی خاکی سوریا دەبێت؟

ئەم پێگە هەواڵییە هەروەها بەپەرۆشبوونی خۆی بە نیسبەت ملدانی وەفدی ئێرانی بە بەندەکانی بەیاننامەی ژنێڤی٢٠١٢ کە هیچکات بانگهێشتی نەکراوە، دەربڕیوە و لە درێژەدا پرسیاری لە ڕووحانی و تیمی دانوستانکاری رێژیم کردووە کە بۆ چی ئێران ئەوەی قبووڵ كردووە کە ئەرتەشی سووریا، بەرەنگاری نیشتمانيی سووریا، حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە شیعە عێراقییەکان و سوپای قودس ناچار بکات ئاگربەست بکەن و چالاکییەکانی خۆیان رابگرن؟