کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ورمێ و سەڵماس لەگەڵ شەهیدان پەیمانیان نوێکردەوە

17:42 - 23 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: خەڵکی کوردستان لە شارەکانی ورمێ و سەڵماس، بە شێوازگەلی جیاواز ڕێزیان لە ٢٢ی پووشپەڕ گرت و لەگەڵ ڕێبازی دوکتور قاسملوو پەیمانیان نوێکردەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕدا، ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان لە گوند و شارەکانی ورمێ و سەڵماس، بە شێوازگەلی جیاواز وەکوو: "لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی، نەڕۆیشتن بۆ سەر کارەکانیان و هەروەها داخستنی دووکان و بازاڕەکان"، ڕێزیان لەم ڕۆژە و لە یادی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی گرتووە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا هەروەها وتوویەتی: "داخرانی دووکانەکان هەتا کاتژمێر ١١ و نیو بەردەوام بووە کە لەگەڵ گوشارەکانی ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکان و هەروەها ناوەندە ئینتیزامییەکان و ئەماکنی ڕێژیم بەرەوڕوو بووەتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەو دەستە لە هاووڵاتییانی "ئازەری‌زمان" کە لە شارەکە کوردنشینەکانی شاری ورمێدا دەژین، لەم ڕۆژەدا و بەمەبەستی ڕێزگرتن لە هاووڵاتییە کوردەکانی خۆیان، لە کردنەوەی دووکانەکانیان خۆیان بواردووە.