کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورووپا خەونەکانی ڕێژیمی ئێران وەدی ناهێنێت

12:37 - 26 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پشتی بە ئورووپا بەستووە کە ئەو یەکیەتییە ئێران لە قەیرانی سیاسی و ئابووری ڕزگار دەکات، بەڵام ئورووپا لەگەڵ ئەو ڕێژیمە هاوکاری ناکات.

"فێدریکا موگرینی"، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، لە لاپەڕەی تویتێریی خۆیدا، وێنەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بڵاو کردووەتەوە کە وڵاتانی ئەو ناوچەیە دابەش کراون.

بڵاوبوونەوەی ئەو وێنەیە لە لایەن ئەو بەرپرسەی یەکیەتیی ئورووپاوە، دژکردەوەی توندی کاربەدەستانی ڕێژیمی بەدواوە بووە.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، بڵاوبوونەوەی ئەو وێنەیان بە پیلانێکی کۆن وەسف کردووە.

"موگرینی" لەبارەی ئەو نەخشەیە وتوویەتی کە ئەوە بەرهەمێکی هونەرییە و پەیوەندیی بە سیاسەتەوە نییە.

لەو نەخشەیەدا، کوردستان وەک وڵاتێکی دیاریکراو هاتووە و هەروەها ناوچە ئازەری زمانەکانی ئێران و بەلووچستانیش لە ئێران جیا بووەتەوە.

ساڵی ٢٠٠٦ی زایینی، "کاندۆلیزا ڕایس"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەو کاتی ئامریکا، لە وتارێکدا لە "تلاویو"، باسی لە وشەی "ڕۆژهەڵاتی نوێ"، بە جێگای "ڕۆژهەڵاتی گەورە" کرد.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو، بڵاوبوونەوەی نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شرۆڤە لەبارەی ئەو نەخشەیە، ناڕەزایەتیی وڵاتانی، بە تایبەت ڕێژیمی ئێرانی لێکەوتووەتەوە.