کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ورووژانی دەروونی، تاوانە؟!

12:19 - 7 پووشپەڕ 2722

ئاسۆ مینبەری

ڕۆژی هەینی، ٣ی پووشپەڕی ئەمساڵ، ڕووداوێک لە شاری سنە بووە هۆی نیگەرانیی شارۆمەندان و هاوکاتیش درووستبوونی کۆمەڵێک پرسیار کە بێگومان وەرگرتنەوەی وڵامەکانیان گرینگ و پێویستن.

بەڵام خاڵی گرینگ و سەرنجڕاکێش لەم پێوەندییەدا مانشێتی هەواڵەکان بوو کە لە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێراندا کەوتنە بەرچاو.

بۆ نموونە :

هەواڵدەریی ئیسنا نووسیبووی: هەیەجانی کێشەخوڵقێن؛

هەواڵدەریی ئیرنا نووسیبووی: لاوێک بەهۆی کردەوە مەترسیدارەکەیەوە داوای لێبوردنی کرد! و کۆمەڵێک مانشێتی سەرنجڕاکێشی دیکە کە خاڵی هاوبەشی هەموویان وشەی هەیەجان و تاوانباربوونی ئەم لاوەی تێدا بەدی دەکرا.

بەڵام ئەوەی کە لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر بوو، مانشێتی هەواڵدەریی تەسنیم سەبارەت بەم ڕووداوە بوو.

هەواڵدەریی تەسنیمی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیم بە مانشێتێکی جیاوازتر نووسیبووی: ڕووخانی بەشێک لە پردی هەڵواسراوی سنە لە لایەن لاوێکەوە!

بەڵام ڕووداوەکە چۆن ڕووی دا؟ بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان ئەگەر وای دابنێین کە کردەوەی ئەم لاوە، کردەوەیەک لە ڕووی ورووژانی دەروونی یان هەمان هەیەجانەوە بووە کە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم باسیان لێ کرد، ئەم پرسیارانە دێنە ئاراوە کە ئاخۆ چۆنە پردێکی هەڵواسراوی بەم گەورەییە، ئەوەندە لاواز و ناستانداردە کە بە ورووژانی دەروونیی لاوێک کە کێشێکی زۆریشی نییە، تووشی ڕووخان دەبێت؟! چۆنە کە کەرەستەکانی بەکارهێنراو لە درووستکردنی ئەم پردەدا بە گوشارێکی لەم چەشنە تێک دەشکێن؟ چۆنە کە گیانی شارۆمەندان و ئەو کەسانەی کە وەکوو میوان ڕوو لەم شارە و لەم شوێنە گەشتیارییە دەکەن گرینگ نییە و بە کەمترین ڕێژەی ستانداردەوە پردێکی لەم چەشنە درووست دەکرێت و بۆ کەسیش گرینگ نییە کە چەند کەس ئەبنە قوربانی؟

هەواڵدەریی تەسنیم کاتێ دەنووسێ ڕووخانی بەشێک لە پردی هەڵواسراوی سنە لە لایەن لاوێکەوە! ڕێک دەیەوێ تاوانە قورسەکە بخاتە سەر شانی لاوێکەوە کە تەنیا بە مەبەستی خۆشڕابواردن سەردانی ئەم شوێنەی کردووە؟ ئایا بەڕاستی لە شکان و ڕووخانی بەشێک لەم پردەدا ئەم لاوە تاوانبارە؟ یان ئەمە تەنیا سەردێڕێکە بۆ بەلاڕێدابردنی پرسەکە و لابردنی تاوان لە ئەستۆی بەناو بەرپرسانێک کە بە بێ سەرنجدان بە ڕووداوە خوازراو و نەخوازراوەکان بەقەولی خۆیان ویستوویانە دڵی خەڵک و گەشتیاران خۆش بکەن و لە پەنا ئەمەشدا بەشێک لە بوودجە تەرخانکراوەکە بخەنە گیرفانی خۆیانەوە ؟

بەڵام سەرنجڕاکێشتر ئەمەیە کە ئەنوەر ڕەشیدی، شارەداری سنە بۆ پاساوهێناوە دەڵێ: کە ئەم لاوە نێردراوەتە ناوەندە بەناودادوەرییەکان، چونکە لە سەرەتاوە وای نیشان داوە کە لایەنی فەننی لەبەرچاو نەگیراوە و وتوویەتی ئەوە پردەکە بووە کە کێشەی فەنیی هەبووە! بۆیە ئەم لاوە لە دوای دەسبەسەرکران لە لایەن پۆلیسەوە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا ناچار دەکرێ داوای لێبوردن لە خەڵک بکات! ئەرکێک کە لە سەرشانی بەرپرسانی ڕێژیم و بەتایبەتیش پەیمانکاران و بەڕێوەبەرانی ئەم پرۆژە سەقەتە بووە نەک ئەم لاوە کوردە!

هەر لەم پێوەندییەدا زۆر هەوڵیان دا بڵێن بەهۆی هەبوونی زیپ لاینەکەوە بووە کە گیانی ئەم لاوە نەکەوتووەتە مەترسییەوە بەڵام ئەگەر بە ڕێژەی یەک لەسەدیش وای دابنێین کە زیپ لاینەکەش هەروەکوو پردەکە ناستاندارد بێت و گرینگی بە کوالێتی و کاراییەکەی نەدرابێت ئایا چاوەڕوان ناکرێ کە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ڕووداوێکی لەم چەشنەدا کەس یان کەسانێک ببنە قوربانی؟ ئەی ئەو کاتە کێ بەرپرسیارە؟ زیپ لاینەکە یان دیسان خەڵکی بێچارە؟

هەواڵدەریی دەنگوڕەنگی ڕێژیم لە سنە ڕاپۆرتێکی سەبارەت بەم ڕووداوە ئامادە کردبوو، کە تێیدا بەرپرسی گشتیی ستانداری پارێزگای سنە دەڵێ: ئەو دارەی کە کەڵکی لێوەرگیراوە وەکوو کەرەستەی تەفریحی لەقەڵەم نادرێ بۆیە یاسای ستانداردبوونی ئیجباری نایگرێتەوە! بەو واتایە کە سازمانی ستاندارد هیچ چەشنە چاوەدێرییەکی بەسەریدا نییە.

لەلایەکی تریشەوە، بەرپرسی بەشی جوانکاری شارەداری سنەش لەمبارەوە وتی کە کەرەستە بەکارهێنراوەکان لە درووستکردنی ئەم پردەدا، بەڕاستی ستانداردن!

دوو لێدوانی جیاواز کە لە ئەساسدا یەکتریش ڕەت دەکەنەوە.

پردی هەڵواسراوی سنە کە وەکوو شوێنێکی گەشتیاری ناوی لێ دەبردرێ، ٣٢٠ میتر درێژایی هەیە، ١٢٠ سانت پانایی هەیە و ٨٨ میتر لە ئاستی زەوی بەرزە.

هەر لە سەرەتای درووستکرانییەوە باس لەوە کرا کە ئەم پردە ناستانداردە و گیانی خەڵک و شارۆمەندان دەخاتە مەترسییەوە بەڵام بێگومان وەکوو هەموو پرۆژە سەقەتەکانی دیکەی ڕێژیم، هیچ گرینگییەک بەم بابەتە نەدرا.

ڕۆژانە بە سەدان کەس کەڵک لەم پردە وەردەگرن و دەیانەوێ ساتێکی خۆش بە سەر بەرن، بەڵام بەڕاستی ئایا گیانیان پارێزراوە؟!

ئەوەی کە بەناوبەرپرسانی گەندەڵی ئەم پرۆژەیە ویستیان تاوانەکە بخەنە ئەستۆی لاوێکەوە کە بە قسەی ئەوان بەهۆی ورووژانی دەروونییەوە تاوانبارە، بابەتێکی زۆر گاڵتەئامێزە. لە هەموو وڵاتانی جیهاندا خۆشڕابواردن بەشێکی سەرەکی لە ژیانی خەڵک و بەتایبەتیش لاوانە، ورووژانی دەروونی کردەوەیەکی زۆر ئاساییە و پێویستییەکی حاشاهەڵنەگری تەندرووستی دەروونیی مرۆڤەکانە، کەچی بەناو بەرپرسانی ڕێژیم ئەمە دەکەنە سەردێڕی هەواڵەکان و دەیانەوێ پرسە سەرەکییەکە بەلاڕێدا ببەن، بە سزادانی لاوێک کە وەکوو هەموو لاوەکانی دیکەی کوردستان لە هەموو چەشنە خۆشڕابواردن و ژیانێکی سەردەمیانە بێبەری کراوە دەیانەوێ، پاساو بۆ کەمکارییەکانی خۆیان بهێننەوە و بە دزینی بوودجە تەرخانکراوەکە خۆیان ببنە میوانی باشترین وڵاتانی جیهان و گاڵتە بە تێگەیشتنی خەڵکیش بکەن.

بێگومان ئەمە تەنیا پرۆژەی سەقەتی لەم چەشنە نییە، گەندەڵی و دزی سەرتاپای ڕێژیمی ئێرانی گرتووەتەوە و بەرپرسانی ئەم ڕێژیمەش تەنیا بیر لە پڕکردنەوەی گیرفانی خۆیان دەکەن، بەڵام لەم نێوانەدا تێگەیشتنی خەڵک لە ڕاستییەکە گرینگە.

ئەم کەتوارە حاشای لێ ناکرێت کە بەرپرسانی ڕێژیم بەردەوام لە هەوڵدان تاکوو پرسەکان بەلاڕێدا ببەن و خودی خەڵک بە تاوانباری دۆخی هەنووکەیی بناسێنن، کەوایە ئەرکی سەرشانی تاک بە تاکی کوردستانە کە لە پیلانە چەپەڵەکانیان تێ بگەن و هەنگاو بۆ بەرەنگاربوونەوە هەڵ بگرن، ڕەنگە باشترین کار بایکۆت خستنە سەر ڕێژیم و پرۆژە بەناو خزمەتگوزارییەکانیان وەک یەکەمین هەنگاوی کردەیی بێت.