کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ورەی شاخ دەبێ باڵ بە سەر شاریشدا بکێشێت

17:35 - 8 رەزبەر 2721

زاگرۆس

مەزنە ڕۆماننووسی ئینگلیزی جۆرج ئۆرڤێل لە کتێبی ١٩٨٤دا بۆ وێناکردنی کۆمەڵگای دڵخوازی دەسەڵاتی تۆتالیتاریزم ئاماژە بە دوو تایبەتمەندی سەرەکی دەکات کە بریتین لە: "دروستبوونی کەشێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێ بەرانبەر بە دەسەڵات لەنێو جڤاکدا کەشی دڵخوازی توتالیتاریزمی دەسەڵاتە بۆ ئەوەیکە خەڵک بە هیچ چەشنێک ئازایەتی ئەوە لە ناخیاندا ساز نەبێت کە هەمبەری ڕاپەڕن و دژایەتی سیاسەتەکانی بکەن".

دووهەمین تایبەتمەندی نەهێشتنی ئاڵقەی پێوەندییە لەنێو خەڵکدا کە بەهۆی دروستکردنی بێ بڕوایی و خوڵقاندنی فەزایەک کە کەس باوەڕی بە کەس نەبێت بەر بە کۆبونەوە و گردبوونەوەی خەڵک دەگرێت و ناهێڵێت ناڕەزایەتیەکان و خواستی هاوبەش و دژایەتی داگیرکەر ببنە ئاڵقەیەک بۆ لێک گرێدانی خەڵک دژ بە دەسەڵات.

ئەگەر مرۆڤ ڕۆمانی ١٩٨٤ دەخوێنێتەوە وادەزانێت جۆرج ئۆرڤێل ماوەیەکی زۆر لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە ئێران ژیاوە. ئەم بەرهەمەشی گێڕانەوەی ڕاستەقینەی کەشی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم جوغرافیایە کە ئێمە لێرەدا تەنیا باس لەو دوو تایبەتمەندیە دەکەین.

بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتاوە هەوڵیان داوە کەشی ترس و تۆقاندن لەنێو خەڵکدا پێک بێنن و مێژووی دەسەڵاتداریەتییان پڕە لە دروستکردنی کەشی تۆقاندن و ترساندن لەم دەسەڵاتە، فتوای جەهادی خومەینی و ئێعدامەکانی خەڵخاڵی و سەرکوتی خوێناویی ڕەزبەری ٩٨ تەنیا چەن نموونەن لەم هەوڵانەی ڕێژیم و تایبەتمەندیی هاوبەشی ئەم کردەوانە دژکردەوەی ڕێژیمی کوماری ئیسلامیی ئێرانە لەهەمبەر دژایەتی خەڵک لە بەرانبەر دەسەڵاتەکەیدا، بەڵام لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی ڕابردوودا دەستی داوەتە دروستکردنی کەشێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێ تا بەر بە هەر ناڕەزایەتییەکی جەماوەری بگرێت بەتایبەت لە کوردستاندا؛ لێرەدا ئاماژە بە سێ لەم کردەوە جینایەتکارانە دەکەین.

یەک: ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٠ هێزەکانی ئیتلاعات بنەماڵەی یاسر مەنگووڕی ئاگەدار دەکەنەوە کە کوڕەکەیان لە بەندیخانە کوژراوە و بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان سەردانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بکەن.

دوو: ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی شاهین ناسری بەندکراو لە بەندیخانەی تاران کە شایەتیی ئەشکەنجە و ئازاری نەوید ئەفکاری بوو بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لێ دەستێنرێ و لە بەندیخانەوە پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە دەگیرێ کە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان سەردانی ئەو زیندانە بکەن.

سێ: ڕۆژی پێنجشەممە ١ی ڕەزبەری ١٤٠٠ ئەمیرحوسێن حاتەمی تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی شاری سیروان سەر پارێزگای ئیلام لەژێر ئەشکەنجە و لێدانی بەرپرسانی بەندیخانەی "فەشافوویە"دا گیانی لەدەست دا و لە کاتی وەرگرتنەوەی تەرمەکەیدا دایکی ئەمیرحوسێن داوا دەکات کە خەڵک تۆڵەی خوێنی کوڕەکەی لە بکوژانی کوڕەکەی بکەنەوە.

لە هەر سێ نموونەکەیشدا بەرپرسان بە ئەنقەست باسکردن لە ئەشکەنجە و لەژێر ئەشکەنجەدا کوژرانی ئەم کەسانە بە مەبەستی دیاریکراو لەنێو کۆمەڵگادا زیاتر بڵاو دەکەنەوە؛ هەندێ میدیاکاریش کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئاخوندەکانیشن لە مەبەستی ڕاستەقینەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەگەیشتوون و نەک بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان و هاندانی خەڵک بۆ ڕاپەڕین دژ بەم دەسدرێژییانە بۆ سەر کەرامەتی تاک بە تاک و گشت گۆمەڵگا بەڵکوو خەریکی گەورەکردنەوەی ترسەکەن لە کۆمەڵگادا و لە ڕێڕەی تۆقاندنی خەڵکدا هەنگاو هەڵدەگرن.

پاش بڵاوبوونەوەی فیلمەکانی گرتووخانەی ئێڤین لە ماوەی پێشوودا شارەزایانی بواری سیاسی دوو گریمانەیان دەخستە بەردەم ڕای گشتی:

١.  هەککردنی ئەم دووربینانە لەلایەن ڕێکخراوێکی دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە چووە و ڕووی ڕاستەقینەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کاربەدەستانی ئاشکرا کرد کە بەهۆی زەبروزەنگ و پێشێلکاریی مافی بەندکراوان و ئیزننەدان بە لێکۆڵینەوە و چاودێریی سەربەخۆ بەسەر بەندیخانەکاندا چەندین ساڵ بوو بۆ خەڵکی ئاسایی شاراوە مابوویەوە.

٢. هەندێ لە چاودێران پێیان وابوو کە بڵاوبوونەوەی ئەم فیلمانە کاری خودی حاکمیەتە بۆ دروستکردنی کەشی ترسی زیاتر لەنێو خەڵکدا و بۆ ئەوەی بە دروستکردنی ترسی زیاتر لە جڤاکدا بەر بە هەر چەشنە ناڕەزایەتییەک بگرێت و بە خەڵک بڵێت ئەگەر دژایەتیمان بکەن لە بەندیخانەکاندا ئەم بەڵایانەتان بەسەردا دێنین.

جیاواز لەوەیکە کام لەم گریمانانە دروستن دەبێ ئەو ڕاستیە لەبەرچاو بگرین کە یەکێک لەو کارانەی سیستمە ئیتلاعاتییەکان بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سەرەرۆکان دەیکەن سواربوونی ئەو شەپۆلانەیە کە لە کۆمەڵگادا دروست دەبن و کاریگەریی زۆریان لەنێو خەڵکدا داناوە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە ماوەی تەمەنی خۆیدا بەو ئاکامە گەیشتووە کە تەنیا ڕێگەی مانەوەی کەڵکوەرگرتن لە هێزی سەرکوتە بە باشی ئەم هەلەی قۆستەوە و بە کوشتنی سێ زیندانیی کورد لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا ترسێکی زیاتری لەنێو دڵی خەڵکدا دروست کرد بۆ ئەوەی بە خەڵکانی ناڕازی بڵێت کە بەڵێ ئەو فیلمانە ڕاست بوون و هەر کەس دژایەتیم بکات دەیکوژم.

دووهەم تایبەتمەندی کە جۆرج ئۆرڤێل باسی دەکات ئەو کەشەیە کە خەڵک باوەڕ بە یەک ناکەن و ناتوانن لە دەوری دژایەتی لەگەڵ دەسەڵات و وەدەستهێنانی ڕزگاری کۆ ببنەوە، لەم پەیوەندیەدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دروستکردنی دەیان بیرۆکەی وەک هەموو خەڵک لە بنەوە بەسیجین، ئەوانەی لەنێو خەڵکدا باس لە دژایەتی دەسەڵات دەکەن خۆیان سەر بەدەسەڵاتن و...کارێکی کردووە کە خەڵک متمانە بە یەک نەکەن.

 لە هەمان کاتیشدا بە دروستکردنی کلتووری بە من چی؟ کەشێکی خوڵقاندووە کە لەهەمبەر سێ ڕووداوی مەزنی وەک کوشتنی ئەو سێ کەسە لە بەندیخانەکانی ئێران و لەو ماوە کەمەدا هیچ دژکردەوەیەکی شایان دروست نەبێت! ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕوودانی یەک نموونە لەم کردەوانە لە وڵاتانی ئازاددا دەوڵەت ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە دەکات.

لەباری مێژووییشەوە ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی کوشتوبڕی حەمەڕەزای پەهلەوی لە سەردەمێکدا وای لێهاتبوو کە خەڵک بە ترسەوە لە ماڵی خۆشیاندا باسی دەسەڵاتیان دەکرد و ئەو ئێدیۆمە ببوو بە باو کە دەیانگوت "دیوار موش دارد موش هم گوش دارد".

تا ئێرە بەو ئاکامە دەگەین کە دروستکردنی ئەم کەشە وەک لە ڕۆمانی ١٩٨٤دا دەردەکەوێت تایبەتمەندیی هەموو دەسەڵاتە تۆتالیتارەکانە؛ کە وابوو تێکشکاندن و نەهێشتنی ئەم چەشنە بیرکردنەوەش ئەرکی سەرشانی لایەنە شۆڕشگێڕەکان و بزوتنەوەکانە.

کاتێک پاش ساڵی ٧٥ خەباتی شاخ بە هەر هۆیەک بێدەنگ کرا تا ساڵی ٩٥ و سەردەمی ڕاگەیاندنی ڕاسان دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو لایەک بانگی سەرکەوتنی خۆی لە وڵاتدا و تەنانەت لە وڵاتانی دراوسێشدا بە گوێی خەڵکی دەدا و ڕادەگەینێت کە من دەسەڵاتدارم و هیچ هێزێک ناتوانێت دژایەتیم بکات، بەڵام ڕاسان کاتێک بەرەنگاری دەبێتەوە و لەهەمبەریدا ڕادەوەستێت و حەماسەکانی دەخولقێنێت و سپای ڕێژیمی ئێران کە بە لەشکاننەهاتوو دەهاتە بەرچاو  لمبۆزی لە خاک وەردەدات و لە ئاخرین سکانسی ئەم بەڵگەفیلمە ڕاستەقینەشدا و بە تێکشکانی چوار دڕۆنی لەشکری لەرزۆکی ئاخوندەکان دەیسەلـمێنیت کە توانا و ئیرادەی بەرخۆدانی هەیە، هەیمەنە و ئەو ترسەی کە دروستی کردبوو لە شاخدا دەڕوخێت؛ هەر بۆیە ئەو هەنگاوەی ئێستا و وەک یەکێک لە ڕەهەندەکانی ڕاسان دەبێ بە گرینگییەوە چاوی لێبکەین شکاندنی ترسە لە شاریشدا کە وەک مێژوو پێمان دەڵێتەوە دەبێت هێزی پێشەنگ کە هەنووکە لە سەرانسەری جوغرافیای ئێران و بە تایبەت لە زاگرۆسدا ڕاسانە، بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە، بە دابەزاندنی ورەی شاخ بۆ شار و بێدەنگنەبوونی سیستماتیک و ڕێکخراوانە لەهەمبەر کۆلۆنیالیزمی تاراندا دەکرێ هەیمەنەی لە شاریش تێک بشکێندرێت بە پشتیوانی شاخ و بە یەکجاری دەسەڵاتەکەی فڕێ بدرێتە زبڵدانی مێژووەوە.

لە کۆتاییدا دەبێ بڵێین کاتێک ڕاسان بتوانێت ورەی شاخ ئاوێتەی شار بکات و ڕێکخستنی مەزن و پۆڵایین پێک بێنێت، ترسی خەڵک لە دەسەڵاتی گەندەڵ دەڕەوێتەوە و بەرەو لەنێوچوونی یەکجاری پاڵی پێوە دەنێ.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.