کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وزەخانەی ناوکیی بووشێهر بە شێوەی کاتی لە کۆنترۆڵ چووەتە دەرەوە

13:19 - 31 جۆزەردان 2721

بەرپرسێکی وەزارەتی وزەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە وزەخانەی ناوکیی بووشێهر لە ڕۆی شەممەوە بە شێوەی کاتی لە کۆنترۆڵ چووەتە دەرەوە و چاوەڕوان دەکرێت هەتا چەند ڕۆژی دیکە بچڕانی بەرق درێژەی هەبێت.

"غوڵامعەلی ڕەخشانی مێهر" جێگری هاوئاهەنگیی دابەشکردنی شیرکەتی "تەوانیر" ڕاگەیاندووە کە "لە دوێنێوە بەشێوەی لەناکاو و ماوەی سێ چوار ڕۆژە لەگەڵ دابەزینی هەزار مێگاواتی بەرهەمهێنانی وزەی ئەو وزەخانەیە بەرەوڕووین".

ناوبراو وتوویەتی بەرهەمهێنانی بەرقی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا ٥٨ هەزار مێگاوات و بەکارهێنانی نزیکەی ٦٠ هەزار مێگاوات بووە، لەحاڵێکدا کە بەرهەمهێنانی ئێستا گەیشتووەتە ٦١ هەزار مێگاوات و بەکارهینان لە حەوتووی ڕابردوودا سەرووی ٦٢ هەزار مێگاوات بووە.

ڕێکخراو وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران هۆکاری داخرانی کاتیی وزەخانەی بووشێهری گەڕاندووەتەوە بۆ "ڕوودانی کێشەی فەننی" و هیچ باسێک لە وردەکارییەکان نەکراوە.

ڕێژیم هەر جارە و بیانوویەک بۆ کەمیی بەرق و نەبوونی بەرق دێنێتەوە.