کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وزەخانەی ناوکیی بووشێهر بەهۆی ٥٠٠ ملیۆن یۆرۆ قەرزداری داخرا

17:56 - 7 پووشپەڕ 2721

لەحاڵێکدا کە سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، داخرانی وزەخانەی ناوکیی بووشێهری بۆ کێشەی تکنیکی گەڕاندووەتەوە، ڕاشیانگەیاندووە کە ٥٠٠ ملیۆن یۆرۆ بە ڕووسیە قەرزدارن.

"عەلی ئەکبەر ساڵحی" سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر "داخرانی وزەخانەی ناوکیی بووشێهر بەهۆی کێشەی تکنیکی" ڕایگەیاندووە کە بە دانەوەی قەرزداریی ئەو ڕێکخراوە بە ڕووسیە بەم زوانە وزەی نوێ بۆ وزەخانەی ناوکیی بووشێهر دابین دەکرێت و لە ماوەی ٢ تا ٣ مانگی داهاتوودا وزەی نوێ دابین دەکرێت.

سەرەڕای دەرکەوتنی ئەو ڕێژەیە لە قەرزداری بە ڕووسیە دیسانەوەش سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران سوورە لەسەر ئەوەیکە هۆکاری داخران کێشەی تکنیکی بووە.

ئەو قەرزدارییەی ڕێژیمی ئێران به ڕووسیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرکۆماریی ترامپ و گواستنەوەی دراوی پێویست بۆ پڕۆژەی دروستکردنی دوو وزەخانەی ناوکیی نوێ لە ئێراندا کە لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو بووە و لە ئێستادا ٥٠٠ ملیۆن یۆرۆ قەرزدارە.