کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوسترالیا گرووپی حیزبوڵڵای لوبنانی خستە نێو لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە

12:03 - 3 سەرماوەز 2721

''کارین ئەندروز'' وەزیری نێوخۆی ئوسترالیا ڕۆژی چوارشەممە ٣ی سەرماوەز ڕایگەیاند کە ئەو وڵاتە گرووپی حیزبوڵڵای لوبنانی خستووەتە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.

وەزیری نێوخۆی ئوسترالیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، حیزبوڵلا لە ڕێگەی هێرشە تێرۆریستییەکانییەوە هەڕەشە درووست دەکات و پشتیوانی لە گرووپگەلێکی وەکوو ''جیهادی ئیسلامیی فەلستین" و "گوردانی عیزەدین قسام'' دەکات.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە دەوڵەتی ئوسترالیا توندوتیژی لەلایەن هیچ گرووپێکەوە قەبووڵ ناکات و لای ئەوان کوشتنی خەڵکی بێتاوان بە هۆکاری مەزهەبی یان ئیدئۆلۆژیکی پاساو هەڵناگرێت.

ئامریکا، ئیسرائیل، کانادا، هولەند، بریتانیا و میرنشینەکانی ناوچەی کەنداو پێشتر حیزبوڵڵایان وەکوو گرووپێکی تێرۆریستی ناساندووە.

پارلەمانی ئەڵمان مانگی ڕابردوو لە پەسەندکراوێکدا، چالاکییەکانی ئەو گرووپەی لە سووریە بە تیرۆریستی ناو برد و داوای لە دەوڵەتی بێرلین کرد کە چالاکیی هەموو لقەکانی حیزبوڵلا لە ئاڵمان قەدەغە بکەن.