کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وشکە ساڵی هیدرۆلۆژیکی لوڕستانی گرتووەتەوە

18:48 - 12 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بەڕێوەبەری گشتیی کەش و هەواناسی لوڕستان هەواڵی دەسپێکردنی وشکەساڵیی هیدرۆلۆژی لەم پارێزگایەدا بڵاو کردەوە.

"محەممەد ناسر هاشمی"، بەڕێوەبەری گشتیی کەش و هەواناسیی پارێزگای لوڕستان بە ئاماژە دان بە جۆرەکانی وشکەساڵی لەوانە : "وشکەساڵی هەواناسی، وەرزێڕی، هیدرۆلۆژی و ئابووری" وتی: "دوای ڕوودانی وشکەساڵی کەش و هەواناسی لە ئاکامی کەمیی بارین، وشکەساڵی وەرزێڕی ڕوو دەدات کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەم و هەر ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوەکانی ژێر زەوی".

ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند: دوای ١٠ ساڵ لە وشکەساڵی، وشکەساڵیی هیدرۆلۆژی ڕوو دەدات کە ڕاستەخۆ کاریگەری لەسەر باری ئابووری خەڵک دەبێت دەبێتە هۆی کۆچی خەڵک و لە ئاکامی وشکەساڵی و نەبوونی ئاودا ڕووبەڕووی وشکەساڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەبینەوە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم بە ئاماژەدان بەم بابەتە، نیگەرانیی خۆی لەبارەی وشکەساڵیی هیدرۆلۆژی لوڕستان و دروستبوونی وشکەساڵیی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەربڕی.