وڵاتی "کانادا" بۆ کۆتایی پێهێنانی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی بیانی لە وڵاتانێکی وەکوو ئێران کە وەک باجێکی دیپلۆماتیک کەڵکیان لێوەر دەگرێت؛ گەڵاڵەیەکی داڕشت.
وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا، ئامریکا، بریتانیا و ژاپۆن پشتیوانیان لەو گەڵالەیە کردووە و وەزیرانی دەرەوەی ٢٧ وڵاتی ئورووپایی، ژاپۆن، بریتانیا و ئوسترالیا ئەو گەڵاڵەیان واژۆ کردووە.
وڵاتانێکی وەک ئێران و چین ماوەیەکە هاووڵاتییانی بیانی بە بارمتە دەگرن هەتا وەک باجێکی سیاسی و دیپلۆماتیک کەڵکیان لێوەربگرن.
"ئانتۆنی بلینکێن" وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا پشتیوانیی خۆی لەو گەڵاڵەیە دەربڕیوە و وتوویەتی: "مروڤەکان کەرەستەی سات و سەودا نینە و بەدیلگرتنی مرۆڤەکان بۆ کەڵکوەرگرتنی باجی سیاسی و دیپلۆماتیک دەبێ بە زووترین کات ڕابگیرێت".
بەرپرسێکی کانەدایی وتوویەتی: "دەسبەسەکردنی سەرەرۆیانەی هاووڵاتییانی بیانی لە وڵاتانێکی وەک: "ئێران،چین، ڕووسیە و کۆرەی باکوور ئێمەی هان دا کە گەڵاڵەیەک دژی ئەو کردەوەیە ئانجام بدەین".
ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ڕاشکاوانە هاووڵاتییانی دووڕەگەزە بە تۆمەتی سیخوڕی دەسبەسەر دەکات و زیندانیان بەسەردا دەسەپێنێ و بۆ ئازادکردنیان مەرج دادەنێت.