کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتانی ئاسیایی، کڕینی گازی خاوی ڕێژیمیان کەم کردووەتەوە

12:02 - 6 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئاستی کڕینی گازی خاوی ڕێژیمی ئێران، لە لایەن وڵاتی چین و چەند وڵاتێکی دیکەی ئاسیایی، لە چاو مانگی ڕابردووەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

بەپێی ئامارێکی بڵاوکراوە لەبارەی هاوردەکردنی گاز لە لایەن وڵاتانی ئاسیای ڕۆژهەڵات، هاوردەکردنی گازی ئەم وڵاتانە لە چاو مانگی ڕابردووی زایینییەوە، کەمی کردووە. ئەم وڵاتانە پێکدێن لە: چین، کۆرەی باشوور و ژاپۆن.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران پێشبینییان کردبوو کە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما، داواکان بۆ گازی  خاو دەڕواتە سەر و دەتوانن گازی خاوی زیاتر هەناردە بکەن.

لەنێو ئەم وڵاتانەدا، چین کەمترین ئاستی هاوردەکردنی گازی خاوی ئێرانی تۆمار کردووە، کە بە ڕێژەی ٩ لەسەد کەمی کردووە.

وڵاتی چین وەک گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ڕێژیمی ئێران پێناسە دەکرێت، کە بەپێی نوێترین ئاماری گومرۆکی ئەم وڵاتە کە ڕۆژی یەکشەممە، ١ی پووشپەڕ بڵاوی کردووەتەوە، بازرگانیی نێوان دەوڵەتی چین و ڕێژیمی ئێران لە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی نوێی زایینیدا، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.