کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتانی دەرەوە گەمارۆیان خستووەتە سەر دوو زانکۆی ئێران

12:38 - 29 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: دوو زانکۆی ئێرانی بە هۆی ئەنجامدانی چالاکیی زانستی لە بواری وزەی ناوکییەوە، لە لایەن وڵاتانی دەرەوە گەمارۆ کەوتووەتە سەریان.

وەزیری زانستی ڕێژیم، دوکتور مەنسوور غوڵامی، لە دانیشتنێکی هەواڵیدا لەگەڵ یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، باسی لە گەمارۆ خستنەسەر دوو زانکۆی "سەنعەتی شەریف" و "بەهەشتی"، بە هۆی ئەنجامدانی چالاکیی زانستی لە بواری فیزیکی ناوکی و چاپ و بڵاوکردنەوەی بابەت لەو ڕاستایەدا کردووە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا ئەم هەوڵەی وڵاتانی دەرەوەی بە شک و گومان لەسەر هەموو چالاکییەکانی زانستیی زانکۆوەکانی ئێران ناو برد و دەستی دایە چەواشەکاری و نکۆڵیکردنی ئەو بابەتە.

ڕێژیمی ئێران بە هەموو بەشەکانییەوە ئەوپەڕی هەوڵی خۆی بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە وزەی ناوکی دەدات و ئەم نکۆڵییانە لە حاڵێکدایە، کە ڕێژیمی ئێران بە درێژاییی تەمەنی چالاکییەکانیان، بەڵگەیان لەسەر بڵاو بووەتەوە و سەرەڕای ئەوەش دەست لە نکۆڵیکردنی هەڵ ناگرن.