کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتانی عەرەبی دژی ڕێژیمی ئێران دانیشتن پێک دێنن

13:37 - 8 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بڕیارە وڵاتانی عەرەبی سێ دانیشتنیی گرینگ لەسەر ناکۆکییەکان لە ناوچەکە و هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران پێک بێنن.

وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، بڕیارە بۆ پێکهێنانی یەکگرتوویەکیی بەرین دژی ڕێژیمی ئێران لە شاری مەکەی وڵاتی عەرەبستان، سێ دانیشتنیی گرینگ پێک بێنن.

وڵاتی قەتەر کە پێشتر لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هاوکاری و دۆستایەتیی نزیکی هەبووە، لە لایەن پاشای عەرەبستان بە فەرمی بانگهێشت کراوە.

بریارە ئەم دانیشتنانە بە میوانداریی وڵاتی عەرەبستان لە شاری مەکە لە ڕێکەوتی ٩ و ١٠ی جۆزەردان بەڕێوە بچێت.

ناردنی کەرەستە و هێزی نیزامی لە لایەن ئامریکا بۆ ناوچەکە، هێرشکردن بۆ سەر نەوتکێشەکان لە بەندری فەجیرە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، هێرشی حووسییەکان بۆ سەر وڵاتی عەرەبستان و هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر داخستنی گەرووی هۆرمۆز، وڵاتانی ناوچەکەی نیگەران کردووە.  

هەر لەم پەیوەندییەدا، چەند ڕۆژ پێش، ''مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، ڕایگەیاند: "دەوڵەتی ترامپ، بە هۆی بارودۆخی نایاسایی و ناسەقامگیر لە ناوچەکەدا، کە بە هۆی ڕێژیمی ئێران هاتووەتە ئاراوە، گرێبەستی فرۆشتنی چەکوچۆڵ بە عەرەبستان، ئۆردۆن و ئەمارات، بەکردەیی دەکات."