کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتانی عەرەبی لە بەرانبەر ئێراندا، یەکگرتوو دەبن

18:01 - 19 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە و بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبیدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێتەوە و لەم پێوەندییەدا پاشای وڵاتی عەرەبستان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئێران، داوای لە وڵاتانی عەرەبی کردووە کە یەکگرتوو بن.

"سەلمان بن عەبدولعەزیز"، پاشای وڵاتی عەرەبستان لە کۆبوونەوەی ئەندامانی شۆرای هاوکاریی کەنداودا خوازیاری یەکگرتوویی وڵاتانی عەرەبی بە دژی ڕێژیمی ئێران بووە.

ناوبراو، لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە ناوچەکە لەگەڵ کێشەگەلێک بەرەوڕوویە کە هاوکات لەگەڵ درێژەکێشانی کردەوە تێکدەرانەکانی ئێران کە ئەمنییەت و سەقامگیریی ناوەچەکە تێکدەدەن، پێویستی بە هەوڵی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەیە.

عەبدولعەزیز داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کردووە کە لەگەڵ بەرنامەی ناوکی و مووشەکیی ڕێژیمی ئێران دژایەتی بکەن.

بە وتەی پاسای عەرەبستان، وڵاتانی ناوچە دەبێ لە بەرانبەر هێرشی مووشەکە بالێستیکەکانی ڕێژیمی ئێران خۆیان بپارێزن.

شۆرای هاوکاریی کەنداویش، لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، خوازیاری زیاترکردنەوەی هاوکاریی نیزامی و ئەمنییەتی بۆ دابینکردنی ئەمنییەتی ناوچەکە بووە.

درێژەکێشانی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەت وڵاتانی عەرەبیدا، ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەو وڵاتانەی بەدواوە بووە و سەرۆکی وڵاتە عەرەبییەکان لە هەوڵدان پێش بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیم بگرن.