
ڕۆژنامەی "والستریت ژۆرناڵ" بڵاوی کردووەتەوە کە لە مانگی "ماڕسـ"ـی زایینیدا، فەرماندە نیزامییەکانیی ئامریکا، ئیسرائیل و چەند وڵاتی عەرەبی ناوچەکە دانیشتنێکی نەهێنیان سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران پێک هێناوە.
ئەو ڕۆژنامەیە ڕۆژی یەکشەممە ٥ی پووشپەڕ لە زاری بەرپرسانی ئامریکا و وڵاتانی ناوچەکە بڵاوی کردووەتەوە، ئەو دانیشتنە نەهێنییە یەکەمین چاوپێکەوتنی نێوان کۆمەڵێک لە ئەفسەره باڵاکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی لەژێر چاودێری ئامریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەیەکی هاوبەش بووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، جگە لە ئامریکا و ئیسرائیل بەرپرسانی نیزامیی عەرەبستانی سعوودی، قەتەر، ئۆردۆن، میسر، ئیماڕاتی یەکگرتووی عەرەبی و بەحرەین لەو دانیشتنەدا بوونه.
ئەو دانیشتنە لە حاڵێکدا بووە کە ئیسرائیل و دراوسییەکانی لە قۆناغی یەکەمی باس و وتووێژ لەسەر ئەگەری هاوکاریی نیزامیدان.
لەو دانیشتنە نەهێنییەدا ژەنەراڵ "فڕانک مەکێنزی" فەرماندەی سێنتکام نوێنەرایەتی ئامریکای کردووە.