کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦٥ وڵاتی جیهان، بۆ دابینکردنی ئاشتی و ئاسایش کۆ دەبنەوە

16:12 - 28 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ٦٥ وڵاتی جیهان، بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ دابینکردنی ئاشتی و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە وڵاتی "بەحرەینـ"دا کۆ دەبنەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی پووشپەڕ، "برایان هوک"، نوێنەری تایبەتی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران ڕایگەیاند کە لە چەند حەوتووی داهاتوودا، وڵاتی بەحرەین بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی  ٦٥ وڵاتی جیهان، میوانداری کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی ئاسایشی دەریایی دەبێت.

کەناڵی "سی ئێن ئێن" لە ڕاپۆرتێکدا لەم بارەوە ڕایگەیاندووە کە ئەم کۆنفڕانسە درێژەی کۆنفڕانسی "وۆرشۆ،" لەژێر بابەتی "ئاشتی و ئاسایش  لە ڕۆژهەڵاتی نێوڕاستـ"ـە.

بابەتی ئەم کۆنفڕانسە تەرخان کراوە بۆ باسکردن لە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی دەریای نێوەڕاست، کە بکەری سەرەکیی ئەم کێشانەش ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بووە.

هەر لەم ڕاستایەدا، هەواڵدەری "بلومبێرگ" لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری "برایان هوکـ"ـەوە بڵاوی کردووەتەوە کە ئامریکا دەیهەوێت لە ماوەی ئەم حەوتوویەدا، داوا لە دیپلۆماتی وڵاتە جیاوازەکانی دانیشتوو لە واشنتۆن بکات، کە لە ڕاستای دابینکردنی ئەمنییەتی کەشتیوانی لە کەنداودا کار بکەن.

بە وتەی ئەم هەواڵدەرییە، فەرماندەیی ناوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر تەرحێک بە مەبەستی  لەنێوبردنی هەڕەشەکان بۆ سەر کەشتیوانی لە کەنداو، گەرووی هورمۆز و دەریای عوماندا، کار دەکات.