کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتی دانمارک هاووڵاتییەکی نۆروێژیی بە کردەوەی تیرۆریستی تاوانبار کرد

12:42 - 7 خاکەلێوه 2720

سەردۆزگەری وڵاتی دانمارک هاووڵاتییەکی خەڵکی نۆروێژی بە پەیوەندی لەگەڵ ئێران بۆ بەڕێوەبردنی پیلانی تیرۆر لەو وڵاتەدا تۆمەتبار کرد.

سەردۆزگەری وڵاتی دانمارک، هاووڵاتییەکی نۆروێژیی کە بە ڕەچەڵەک ئێرانییە، بە گومانی هاوکاری و پەیوەندی لەگەڵ دەزگای ئەمنییەتیی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی پیلانی تیرۆر لە خاکی دانمارک تاوانبار کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ئەو هاووڵاتییە نۆروێژییە، لە ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٨دا بە تۆمەتی پیلانی گومانلێکراو بە کوشتنی ئەندامێکی ناسراوی ئۆپۆزیسیۆنی عەرەبی ئێرانی لە وڵاتی دانمارک دەسبەسەر کرابوو.

سەردۆزگەری دانمارک ڕایگەیاندووە، کەسی تاوانبار لەگەڵ دەزگای ئەمنییەتیی ئێران ئاڵوگۆڕی زانیاریی کردووە تا پیلانەکەی لە دانمارک بەڕێوە ببات، ئەو کەسە هەروەها بە تۆمەتی کوشتنیش تاوانبار کراوە.

لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە تاوانباری ئەو دۆسیەیە، تاوانەکەی قبووڵ نەکردووە و دادگای پیڕاگەیشتن بەو دۆسیەیە نزیک بە یەک مانگی دیکە بەڕێوە دەچێت.