کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتی ئێران لەژێر ناوی گرێبەستی ٢٥ ساڵەدا دەفرۆشرێت

19:51 - 19 پووشپەڕ 2720

گرێبەستی ٢٥ ساڵەی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ وڵاتی چین سەرووتر لە هەرچەشنە گرێبەست و پەیماننامەیەکە و ڕێژیمی ئێران بە شێوەی فەرمی خەریکی فرۆشتنی "تەمامییەتی ئەرزیـ"ـی ئێرانە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی تایبەتیی بواری نەوت و وزە "ئۆیل پرایس"،؛چین بە هیوایە بە دانانی کارخانەگەلێک لە ئێراندا و بەکارهێنانی وزەی هەرزانی ئێران بەهۆی بایەخی کەمیی دراوی ئێران، بەرهەمەکانی خۆی لە ئێراندا بەرهەم بهینێت و لە ڕێگای پڕۆژەی "یەک پشتوێن، یەک ڕێگا" (یک کمربند، یک راه ) هەناردەی ڕۆژئاوا بکات.

گرینگترین بەشی ئەو گرێبەستە سەرشۆڕکەرە، ئەو قانە تایبەتە نیزامی و تەناهییانەیە کە ڕێژیمی ئێران بە چین و ڕووسیەی داوە کە دەبێتە هۆی زاڵبوونی تەواوی ئەو دوو وڵاتە بەسەر ژێرخانە نیزامییەکانی ئێراندا و لە پەیوەندییە ژێئۆپۆلێتیکییەکاندا(جوغرافیای سیاسی) ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەناهیی جیهانیشدا کاریگەریگەری گرینگ دادەنێت.

بەپێی بەرنامەداڕشتنی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ چین و ڕووسیە، لە ڕەزبەری ساڵی ٩٩ بەدواوە، بنکە هەواییەکانی ڕێژیمی ئێران لە خزمەت بۆمبهاوێژەکان و فڕۆکە شەڕکەر و فڕۆکە لۆجێستیکییەکانی چین و ڕووسیەدا دەبێت.

هەروەها سیستمی بەرگریی دژە مووشەکیی ڕووسیە (٤٠٠-S ) و هەروەها "کراسوخا"ی ٤ بۆ پێشگرتن لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل و ئامریکا و پووچەڵکردنەوەی تەواوی پەدافەندی هەوایی ئەمارات و عەرەبستان لە ئێراندا جێگیر دەبن.

لەلایەکی دیکەوە بەپێی ئەو گرێبەستە، ڕێژیمی ئێران قانگەلێکی زۆری لە بواری نەوت، گاز، پێترۆشیمی، هاتوچۆ و کەلوپەلە نیزامییەکان لە ئێراندا بە ماوەی ٢٥ ساڵ ڕادەستی چین دەکات.

یەکێک لە قانە پێدراوەکان بە چین، ڕادەستکردنی پەیمانکاریی سەرجەم پڕۆژە نەوتی، گازی، پێترۆشیمی و سەرجەم پڕۆژە ناتەواوەکان بە شیرکەتە چینییەکان لە ماوەی ئەو چارەکە سەدەیەدایە و شیرکەتەکانی چین بە بێ "موناقسە" لە ئێراندا چالاکییان دەبێت.

بەشێکی دیکە لە قانە پێدراوەکانی ڕێژیمی ئێران بە چین، کڕینی بەرهەمە نەوتی، گازی، پێترۆشیمییەکان بە داشکاندنی ١٢ لەسەدییە کە چین سەرەڕای ئەو داشکاندنە بەرچاوە، هەتا ٢ ساڵ مۆڵەتی بۆ پێدانی پارەی بەرهەمە کڕدراوەکان هەیە و ٦ تا ٨ لەسەدیش داشکاندن بۆ ئەگەری زیانباربوون بە چین دراوە.

لە بەرانبەردا چینیش لە باتیی پێدانی دۆلار بە ڕێژیمی ئێران، دراوگەلی لاواز وەکوو: "دراوی ئوزبەکستان، قەزاقستان و قرقیزستان بە ئێران دەدات و لەسەرێکی دیکەشەوە لە بەرانبەر گۆڕانەوەی ئەو دراوە لاوازانە بە دراوگەلی بەهێز، داشکاندنێکی ٨ تا ١٢ لەسەدیی دیکە بە چین دەدرێت و لە کۆی گشتیدا چین تا ٢٥ ساڵ دەبێتە خاوەن داشکاندنێکی ٣٢ لەسەدی بۆ کڕینی نەوت، گاز و بەرهەمە پێترۆشیمییەکانی ئێران.

پشتگرییە هەمەلایەنەکانی ڕووسیە لە چین و ئێران لە بەرانبەر ئامریکادا و دژایەتی لەگەڵ دووپاتکردنەوەی گەمارۆکانی چەکوچۆڵ دژ بە ڕێژیمی ئێران، لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستە ٢٥ ساڵە دایە.