کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتێکی وێران و خەڵکێکی هەژار

17:26 - 7 پووشپەڕ 2722

سندووس

ئێستا ئێتر هیچ کەس ناتوانێ حاشا لە هەژاریی لەڕادەبەدەر، ئاوسانی ئابووری، هاتنەخواری بایی هەزاران بەرابەری دراو، لەرزۆکبوونی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و دەڵاندنی ئەم هەموو بەڵایانە بکات کە ئاکامی بێ‌کیفایەتی کۆماری ئاخوندییە و وەکوو سێبەرێکی ڕەش باڵی بەسەر ژیانی کۆمەڵانی خەڵک کێشاوە و هەر ڕۆژەی وەکوو نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتی خۆی دەردەخات.

تۆماری ١ میلیۆن و ٤٠٠ هەزار دزی لە ماوەی ساڵێکدا، نیشانەی دابەزینی ئەوپەڕی ژیانی کۆمەڵانی خەڵک و ئەنجامدانی هەر جۆرە کارێکە تەنیا لە پێناو وەدەستخستنی پاروویەک نان و وەدەستهێنانی بڕە پارەیەک کە ئەندامانی ئەم کۆمەڵگایە پێویستییان پێیەتی. دیارە ڕۆژ نییە چەندین وێنە و کلیپی ناخهەژێن لە منداڵان و خاتوونانی زبڵدۆز بڵاونەکرێتەوە کە لە نێو زبڵدا بۆ بڕەخواردەمەنییەک دەگەڕێن و وەک هێمای هەژاریی وڵاتێک خۆیان نیشان دەدەن. ئەم ئاخوندانە کۆمەڵگایان تا ئاستێک لە ڕەوشت دابەزاندووە کە ڕۆژ نییە بە دەیان و بگرە سەدان کۆرپەلە فڕێ نەدرێن و هیچ نیهادێکیش ئامادە نییە وەک خاوەنیان دەرکەوێ!

سەفی دوورودرێژی پێداویستییە سەرەتاییە خۆراکییەکان "کات"یان لە گشت هاووڵاتییەک بڕیوە. پەیداکردنی نان، برینج، گۆشت، ڕۆن و ماکاڕۆنی و ...هتد جەماوەریان سەرگەردان کردووە، ئەمانە یەک لە هەزاری ڕەفتاری ئاخوندی سەبارەت بە گەلانی ئێرانە و بەشێوەیەکیش ئەندازیاری کراوە کە تەواوی ئەم بەڵایانە بۆ کۆمەڵانی خەڵک ببن بە عادەتی ڕۆژانە و ئەم خەڵکە هەژارە تەنیا تێوەگلاوی بابەتە هەرە سەرەتاییەکانی ژیان بن و بۆ خۆشیان بەباشترین شێوە خۆشبژێوی لەسەر داهاتی وڵاتێکی سامانداری وەکوو ئێران بکەن و تا دڵیان دەخوازێ بۆ وڵاتانی عێراق، سووریا، لوبنان، یەمەن و لێواری غەززە و زۆر شوێنی‌تر هەناردەی ئاژاوە بکەن و دواجاریش بە ئیفادەوە بڵێن ئێستا نیوەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لەبەر دەستی خۆماندایە!

لەوەها بارودۆخێکدا ڕۆژ نییە سەرەداوی پاپۆڕێکی نەوت و بێنزین، نەکەوێتە دەستی ڕۆژنامەڤان و دەزگا هەواڵنێریی و هەواڵگرییەکانی جیهانەوە کە بێ‌بەرانبەر بۆ دۆست و هاوپەیمانەکانیان لە دوورەدەستترین شوێنەکانی جیهانی دەنێرن، کردنەوەی نەخۆشخانە، قوتابخانە و زانستگای ئایدیۆلۆژیک یەکێکی‌تر لە پڕۆژە دژەئینسانییەکانیی کۆماری ئاخوندییە کە پێشکەش بە وڵاتانی دەکەن! و سەبارەت بە خەڵکی هەژاری ئێرانیش تا بڵێی نالێپرسراوانە دەجووڵێنەوە و لە دەروونی خۆیاندا شایی لۆغانیانە کە ژیانیان ئاوا لەم خەڵکە تاڵ کردووە!

ئەمانە و بە بڕی دەیان و سەدان میلیارد دۆلار چەک و تەقەمەنی کە بۆ حیزبوڵڵای لوبنان، حەشدی شەعبی، حەماس، حیزبی ئیسلامی فەلەستین، حوسییەکانی یەمەن و دەیان دەستە و تاقمی تێرۆریستی‌تری بخەینە سەر، ئەمجار دەردەکەوێ کە ئەم گرووپە تاڵانچییە چۆن دەیانهەوێ ئێران وێران و کۆمەڵانی خەڵک زۆر لەمە زیاتر بەرەو هەژاری و نەگبەتی پەلکێش بکەن!

جگە لە هەموو ئەمانە دزی، گەندەڵی، ناڕوونی کاروباری ئابووریی سپای تێرۆریستی پاسداران و پشکی بنکە و بارەگا مەزهەبی و ئایدیۆلۆژییەکانی وەکوو "جامعەالمصطفی العالم"، "مجمع جهانی اهل بیت" و "دانشگاە بین‌المللی اهل بیت" و دەیان و سەدان بنکە و بارەگای کۆنەپەرەستی‌تری ناوخۆی کۆماری ئاخوندی بخەینە سەر، تازە دەزانین چ ئەژدیهایەکی پڕژاری مەترسیدار کەوتووەتە گیانی ئەم خەڵکە هەژارەوە و ژیانی کردوون بە جەهەننەمێکی تاقەتپڕوکێن!

کێشە نێوخۆییەکانی دەسەڵاتی ئاخوندی زۆرجار ئاماری گەندەڵیمان بۆ دەدەڵێنێ و پێمان دەڵێ ئەم باندە چۆن کەوتوونەتە گیان و ماڵی خەڵکەوە. ئاماری گەندەڵی ٥٠٠٠ میلیارد تمەنی یەکێک لە شەریکەکانی سەر بە بونیادی بەناو شەهید، فایلی دەنگی دزینی ٨٠٠٠ میلیارد تمەنی بەرپرسانی سپای تێرۆریستی پاسداران دوو نموونەی‌تر لە شوێنکەوتووانی ویلایەتی فەقیهن کە زوڕنای ئیسلام ئیسلامیان گوێی جیهانی کەڕ کردووە!!

لەملاشەوە دوو بەرپرسی ڕەدە باڵای ڕێژیم لەساڵی ١٣٩٨ تا ساڵی ١٣٩٩ ئاوا باسی دزی، گەندەڵی و تێچووی شەڕانگێزییەکانی دەسەڵاتی ئاخوندی دەکەن:

محەممەدجواد زەریف، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕوحانی دەڵێ: ئێمە ٣٥ میلیارد دۆلارمان داوە بە کەسانێک - بۆ دەورلێدانی گەمارۆکان - کە ئەم پووڵە نازانین لە کوێیە!

فەلاحەت پیشە، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی مەجلیس ئاخوندی لە خولی سەرکۆماریی ڕوحانیدا دەڵێ: ٢٠ بۆ ٣٠ میلیارد دۆلارمان داوە بە سوورییا کە دەبێ لێیان وەربگرینەوە. دیارە ئەم دولارانەی فەلاحەت پیشە باسیان دەکات زۆر زیاترە لەمانە و ڕاگەیەنەرەکان باسی ٨٠ بۆ ٩٠ میلیارد دۆلار دەکەن.

بەپێی ئاماری دزی زەریف و بەخشینی فەلاحت پیشە کە ئاماژەی پێدەکەن، بڕی ٦٥ میلیارد دۆلار بێسەروشوێنە و ئەسەدیش هیچکات نایداتەوە بە ئاخوندەکان، پارەیەک ئەگەر هەزینەی ئاوەدانی و سڕینەوەی هەژاری بکرێ، بێگومان کاریگەرێتی لەسەر ژیانی هەژارانەی کۆمەڵانی خەڵک دادەنێ.